رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تۆم باراک، باڵیۆزی ئێستای ئەمریکا لە تورکیای کردووەتە نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ هەریەک لە عێراق و سووریا. ترەمپ ستایشی کارەکانی باراکی کرد و رایگەیاند، لە پۆستی باڵیۆزی لە تورکیاش بەردەوام دەبێت.
رۆژی یەکشەممە 31-05-2026 لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەستنیشانکردنی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق و سووریا لە کاتێکدایە کە "هاوکارییە ستراتیژییەکانمان لەگەڵ حکومەتەکانی سووریا و عێراق پێش دەخەین و پەیوەندیمان لەگەڵیان بەردەوامە لە گەشەکردن."
بەپێی راگەیێندراوەکەی ترەمپ، تۆم باراک لە پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دەمێنێتەوە و ئەرکی نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیش بۆ عێراق و سووریاش بەڕێوەدەبات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، باراک "بە پشتیوانیی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان" کارەکانی دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی: "ئێمە زۆر پێزانینمان بۆ ئەو کارە هەیە کە تۆم باراک کردوویەتی و ئامادەیی بەردەوامی بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەمان."
دەقی بڵاوکراوەکە
خۆشحاڵم رایدەگەیێنم تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تورکیا کە کاری نایابی کردووە، وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ سووریا، هەروەها نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق دادەنرێ [دەستبەکار دەبێت]، لە کاتێکدا هاوکاریی ستراتیژیمان لەگەڵ حکومەتەکانی سووریا و عێراقدا پێش دەخەین، پەیوەندیمان لەگەڵیان بەردەوامە لە گەشەکردن! تۆم وەک باڵیۆز لە تورکیا دەمێنێتەوە و بە پشتیوانیی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاردەکات. ئێمە زۆر پێزانینمان بۆ ئەو کارە هەیە کە تۆم باراک کردوویەتی و ئامادەیی بەردەوامی بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەمان.
