رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (هۆم ئۆفیس) بڵاویکردەوە، ساڵانە کۆچبەرێکی زۆر تەمەنی خۆیان دەشارنەوە و وای پشاندەدەن کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵانەوەیە بۆ ئەوەی خۆیان لە دیپۆرتکردنەوە بپارێزن؛ دەشڵێت، لە ساڵی 2027دا بە ژیریی دەستکرد رێگری لەو کارە دەکەن.
دوای ئەوەی میدیای بەریتانیا لە چەند رۆژی رابردوو ئەو پلانەی حکومەتی ئاشکرا کرد، رۆژی 1ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لە ساڵی 2027دا تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لەسەر سنورەکانمان جێگیردەکەین بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە خۆیان وەک منداڵ نیشان دەدەن تاوەکو داوای مافی پەنابەری بکەن، لە دەستبەسەرکردن رابکەن و رێگری لە دەرکردنیان لە بەریتانیا بکەن".
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، "پشکنینەکان ناسینەوەی ئەو کەسانە ئاسانتر دەکەن کە خراپ سوود لە پاراستنی منداڵان وەردەگرن."
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە ئاداری پار بۆ ئاداری ئەمساڵ شەش هەزار و 400 کەس داوای مافی پەنابەرییان کرد کە لەسەر سنوور خۆیان وەکو خوار 18 ساڵ ناساندبوو، 43٪یان دەرکەوت کە سەروو 18 ساڵن.
بەگوێرەی حکومەتی بەریتانیا، بۆ جێگیرکردنی تەکنەلۆژیایەکە بەنیازن رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی بواری ژیری دەستکرد بە بڕی 332 هەزار پاوەند واژۆبکەن. گرێبەستەکە بۆ سێ ساڵ دەبێت.

