رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیی باشووری هێزەکانی ئەمریکا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا تەقینەوەی بەلەمێک نیشان دەدات لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمندا. لە هێرشەکەدا لانیکەم دوو کەس کوژراون، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتە چەند مانگییەکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دژی بازرگانانی هۆشبەر لە ئەمریکای لاتین. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەم هێرشە نوێیەی رۆژی چوارشەممە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشە دەریاییەکانی ئەمریکادا کوژراون گەیشتە لانیکەم 207 کەس لەو کاتەوەی ئیدارەی ترەمپ لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی رابردووەوە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی راگەیاند، دژی ئەوانەی بە "تیرۆریستی مادەی هۆشبەر" وەسفیان دەکات. فەرماندەیی باشووری ئەمریکا (SOUTHCOM) رایگەیاند، هێرشەکە بەلەمێکی قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەری کردووەتە ئامانج، بەڵام سوپای ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی پێشکەش نەکردووە کە بسەلمێنێت بەلەمەکە هۆشبەری پێبووە. ڤیدیۆیەکی رەش و سپی بڵاوکراوە نیشانی دەدات، بەلەمەکە بە خێرایی دەڕوات، دواتر دەپێکرێت و دەتەقێتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، ئەمریکا لە "ململانێی چەکداریدایە" لەگەڵ باندەکانی ئەمریکای لاتین و پاساوی بۆ ئەم جۆرە هێرشانە هێنایەوە بەوەی کە پێویستن بۆ رێگریکردن لە لێشاوی مادەی هۆشبەر بۆ ناو ئەمریکا و رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییان لە ئالوودەبوون. رەخنەگران پرسیاریان لەسەر یاساییبوونی ئەم جۆرە هێرشانە و کاریگەرییان دروستکردووە. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، مادەی (فێنتانیل) کە بەرپرسە لە زۆربەی گیانلەدەستدانەکانی ئالوودەبووان لە ئەمریکا، بە شێوەیەکی گشتی لە رێگەی وشکانییەوە لە مەکسیکەوە دەهێنرێتە نێو ئەمریکا، کە لەوێ بە بەکارهێنانی مادەی کیمیایی هاوردەکراو لە چین و هیندستانەوە بەرهەم دەهێنرێت، نەک لە رێگەی بەلەمە دەریاییەکانەوە.