رووداو دیجیتاڵ کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی تورکیا "نوکلین" (Nuclean) و ئاژانسی گەشەپێدانی کوورە ئەتۆمییە بچووکە نوێیەکانی کۆریای باشوور (i-SMRDA)، رێککەوتننامەیەکی ستراتیژییان بۆ پاڵپشتیکردنی جێگیرکردنی کوورە ئەتۆمییە بچووکەکان (SMR) لە تورکیا و بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە کەرتی وزەی ئەتۆمی واژۆ کرد. ئەم هاوبەشییە ئامانجی دروستکردنی سیستمێکی بەردەوامی گەشەپێدانی پڕۆژەکانە کە بەشدار بێت لە پرۆسەی گواستنەوەی تورکیا بەرەو وزەی پاک و بەدیهێنانی ئامانجە درێژخایەنەکانی لە کەرتی وزەی ئەتۆمیدا. کۆرای تونجەر، ئەندامی بۆردی کۆمپانیای نوکلین رایگەیاند، تورکیا ئامانجیەتی تاوەکو ساڵی 2050 بگاتە توانای بەرهەمهێنانی 20 گێگاوات لە وزەی ئەتۆمی و کوورە ئەتۆمییە بچووکەکانیش رۆڵێکی گرنگ لەم پرۆسەیەدا دەگێڕن. هان جۆن کیم، سەرۆکی ئاژانسی i-SMRDA لەبارەی ئەو رێککەوتنە گوتی: "تورکیا هەنگاوی گرنگ لە وزەی ئەتۆمیدا دەنێت و دەکرێت وەک مەڵبەندێکی سەرەکی لە گەشەپێدانی سیستمی کوورە ئەتۆمییە بچووکەکان (SMR) لە ناوچەکەدا دەربکەوێت. ئەم هاوبەشییە دەستڕاگەیشتنی ئێمە بە بنکە پیشەسازییەکانی تورکیا بەهێز دەکات." ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی قووڵبوونەوەی پەیوەندییە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەنقەرە و سیئۆل دێت، کە بەتایبەت دوای سەردانەکەی سەرۆکی کۆریای باشوور، لی جای میونگ بۆ ئەنقەرە لە تشرینی دووەمی 2025 گەشەکردنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. تورکیا کە ئێستا وێستگەی ئەتۆمیی ئاککۆیو لە رێگەی رووسیاوە بونیاد دەنێت، هاوکات لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا، کەنەدا و فەرەنساش لە گفتوگۆدایە بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نەوەی نوێی کوورە ئەتۆمییەکان. تورکیا لە چوارچێوەی ستراتژیەتی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی سروشتی و نەوتی هاوردەکراو، چەند ساڵێکە پڕۆژەی بونیادنانی یەکەم وێستگەی ئەتۆمیی خۆی لە "ئاککۆیو" بە هاوکاری کۆمپانیای رۆساتۆمی رووسی دەستپێکردووە. لە پاڵ ئەوەش حکومەتی تورکیا بەتایبەت لە رێگەی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانەوە، رووی لە تەکنەلۆژیای نوێی کوورە ئەتۆمییە بچووکەکان کردووە و لە مانگی ئاداری 2026 لەگەڵ کۆمپنایایەکی کەنەدی بۆ هەمان مەبەست رێککەوتنی واژو کرد. ئەم کوورە ئەتۆمییە بچووکانە تێچووی سەرەتایی و ماوەی دروستکردنیان کەمترە و زیاتر گونجاون بۆ دابینکردنی کارەبای ناوچە پیشەسازییەکان و ناوچە دوورەدەستەکان.