رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەوروپا واژۆی لەسەر گورزەیەکی نوێی هاوکاری بە بەهای 100 ملیۆن یۆرۆ (116 ملیۆن دۆلار) بۆ سوپای لوبنان کرد؛ ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە لە سەروبەندی بەردەوامی گرژییەکان لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل سەرباری رێککەوتنی ئاگربەست.
کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی: "دوایین ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەرفەتێکە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی شەڕ و پێکدادانی گشتگیر."
کاڵاس ئاماژەی بەوەش کرد، کوژرانی کارمەندێکی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNIFIL) و بەردەوامیی پێکدادانەکان، نیشانەی ئەوەن کە رێککەوتنی ئاگربەستەکە هێشتا جێگیر نییە و لە لێواری تێکچووندایە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە: "باشترین رێگە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشەیەی حیزبوڵڵا دروستی دەکات، بەهێزکردنی دەوڵەتی لوبنان، بەهێزکردنی دامەزراوەکانی و گەڕاندنەوەی مافی بەکارهێنانی هێزە تەنیا بۆ دەوڵەت."
ئەو هاوکارییە نوێیە چوارەمین گورزەی هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپایە بۆ هێزە چەکدارەکانی لوبنان لە چەند ساڵی رابردوودا؛ بەمەش کۆی گشتیی هاوکارییەکانی یەکێتییەکە بۆ سوپای ئەو وڵاتە گەیشتە 182 ملیۆن یۆرۆ.
ئەو هەنگاوە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە ئیسرائیل هێرشی نوێی لە ناوخۆی لوبنان ئەنجامدا و دووبارە هەڕەشەی لە بەیرووت کردەوە، ئەوەش سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات کە سەرۆکی لوبنان بە "دوا دەرفەت" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ناوی بردبوو.
هاوکات، هێزەکانی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند کە دوای ئەوەی بنکەیەکیان لە باشووری لوبنان کرایە ئامانج، کارمەندێکی ئاشتیپارێز کوژراوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
باشووری لوبنان گۆڕەپانی سەرەکیی جەنگی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانییە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.



