رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی راپرسییەکی نوێ دەری دەخات، متمانەی خەڵکی بەلجیکا بە ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە؛ بەجۆرێک نیوەی زیاتری بەشداربووان واشنتن وەک "نەیار" دەبینن، نەک هاوپەیمان.
راپرسییەکی نوێ کە لەسەر داوای دەستەی پەخشی بەلجیکا (VRT) و (RTBF) و رۆژنامەی (De Standaard) ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە متمانەی خەڵکی بەلجیکا بە ئەمریکا دابەزیوە. راپرسییەکە دەریخستووە کە ئێستا نزیکەی نیوەی بەشداربووان وەک نەیار سەیری ئەمریکا دەکەن، لە کاتێکدا تەنیا 10٪یان هێشتا بە هاوپەیمانی خۆیانی دەزانن.
ئەمریکا وەک نەیار، چین وەک رکابەر
خاڵی سەرنجڕاکێش لە راپرسییەکەدا ئەوەیە، تێڕوانینی بەلجیکاییەکان بۆ چین "کەمتر نەرێنییە" بەراورد بە ئەمریکا. تەنیا 40% بۆ 44%ـی بەشداربووان چین وەک نەیار دەبینن. هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر کەم چین بە هاوپەیمان دەزانن، بەڵام زۆرینەیان بژاردەی "نە هاوپەیمان و نە نەیار"یان هەڵبژاردووە.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، کاتی ئەنجامدانی راپرسییەکە کە لە مانگی ئاداری رابردوو بووە، کاریگەریی هەبووە؛ چونکە رێک پاش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە بۆ سەر ئێران. ئەو کاتە میدیاکان زۆر باس لە مەترسیی پچڕانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەکرد، ئەوەش کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی گشتی دروست کردووە.
سەربەخۆیی ئەورووپا و پرسی تایوان
سەبارەت بە هەڕەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، نزیکەی 60%ـی بەلجیکاییەکان پێیان وایە ئەگەری هێرشی سەربازیی چین بۆ سەر تایوان لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئارادایە.
لە لایەکی دیکەوە، بەلجیکاییەکان پاڵپشتییەکی بەهێزی سەربەخۆیی ئەورووپا دەکەن. زیاتر لە 80%ـی بەشداربووان پێیان وایە دەبێت ئەورووپا لە رووی سەربازییەوە پشت بە خۆی ببەستێت. هەروەها زۆرینەیان داوای وەڵامی تووندتر دەکەن لە بەرامبەر سیاسەتە بازرگانییەکانی ئەمریکا و سەپاندنی باج لەلایەن واشنتنەوە.
هەڵوێست بەرامبەر ناتۆ و دەستوەردانی دەرەکی
سەبارەت بە دەستوەردانی دەرەکی، نزیکەی 90%ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە کە نابێت رێگە بە ئەمریکا بدرێت دەست لە کاروباری ناوخۆی بەلجیکا وەربدات. ئەمەش دوای ئەو مشتومڕانە دێت کە بەهۆی لێدوانەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە برۆکسل دروست ببوو.
سەرەڕای گومانەکان بەرامبەر واشنتن، بەڵام بەلجیکاییەکان هێشتا پاڵپشتی لە هاوپەیمانیی ناتۆ دەکەن. نزیکەی 80%ـی خەڵک پێیان وایە دەبێت وڵاتەکەیان لە ناتۆدا بمێنێتەوە، بەڵام نەک وەک ئامرازێکی دەستی ئەمریکا، بەڵکو وەک "قەڵغانێکی پاراستنی بەکۆمەڵی ئەورووپا" سەیری ناتۆ دەکەن.



