رووداو دیجیتاڵ
لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا، خۆپێشاندانی زیاتر لە دوو هەزار مامۆستا و خوێندکار گرژی و توندوتیژی لێکەوتەوە. ناڕەزایەتییەکە دژی پڕۆژەیاسایەکی نوێی حکومەتی هەرێمی فەرەنسی زمانە کە گۆڕانکاریی رادیکاڵ لە کەرتی پەروەردەدا دەکات و مامۆستایانیش بە "کودەتای پەروەردەیی" ناوی دەبەن.
چەند رۆژێکە شەقامەکانی بروکسل بوونە مەیدانی تێکهەڵپڕژانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران. مامۆستایان دەڵێن حکومەت دەیەوێت بە ناوی چاکسازییەوە، "سزای" کەرتی پەروەردە بدات.
پڕۆژەیاساکە چی لەخۆدەگرێت؟
حکومەتی هەرێمی فەرەنسی زمان لە بەلجیکا، لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە چەند بڕیارێکی تووندی داوە کە بووەتە هۆی تووڕەیی مامۆستایان، گرنگترینیان ئەمانەن:
بڕینی بودجە: کەمکردنەوەی 300 ملیۆن یۆرۆ لە بودجەی گشتیی پەروەردە.
زیادکردنی کاژێرەکانی کار: زیادکردنی کاژێری کارکردنی مامۆستایان لە 20 کاژێرەوە بۆ 22 کاژێر لە هەفتەیەکدا، بەبێ زیادکردنی مووچە.
هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنی هەمیشەیی: گۆڕینی سیستمی دامەزراندن بۆ گرێبەست.
بەرزکردنەوەی کرێی خوێندن: زیادکردنی کرێی زانکۆکان بە ڕێژەی 35٪.
مامۆستایان چی دەڵێن؟
مامۆستایەکی بەشداربوو لە خۆپێشاندانەکە دەڵێت: "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، گەڕانەوەی گفتوگۆیە لە نێوان خۆمان و وەزیردا. دەمانەوێت دەنگی ئێمە ببیسترێت، چونکە هەست دەکەین ئەمە تاکە چارەسەرە بۆ رێگریکردن لەم بڕیارە نادادپەروەرانە."
مامۆستایانی گرێبەست دەڵێن ئەوان زەرەرمەندی یەکەمن. مامۆستایەکی دیکە کە لە سێ قوتابخانەی جیاواز وانە دەڵێتەوە، دەڵێت: "وەک مامۆستایەکی گرێبەست، بەم یاسایە وانەکانم کەم دەبنەوە و دەرفەتی کارم نامێنێت، بۆیە هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە جگە لە ڕژانە سەر شەقام."
حکومەت: کورتهێنانی بودجە هۆکارە
لە بەرامبەردا، حکومەتی بەلجیکا بەرگری لە پلانەکەی دەکات. بەرپرسانی حکومەت ئاماژە بەوە دەکەن کە کورتهێنانی بودجەی وڵات گەیشتووەتە نزیکەی 2 ملیار یۆرۆ. حکومەت دەڵێت ئەم هەنگاوانە بۆ "رێگریکردن لە داڕمانی ئابووری" پێویستن و دەبێت کەرتی پەروەردەش بەشێک بێت لە پرۆسەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
تاوەکو ئێستا گرژییەکان لە بروکسل بەردەوامن و مامۆستایان جەخت دەکەنەوە کە تاوەکو پاشەکشە بە پڕۆژەیاساکە نەکرێت، لەسەر شەقام دەمێننەوە.

