رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بودجەیەکی 70 ملیار دۆلاری بۆ جێبەجێکردنی پلانە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کۆچبەران و سنوورەکان پەسند کرد. ئەم هەنگاوە دوای پڕۆسەیەکی درێژی دەنگدان لەسەر چەندین هەموار هات، کە درزی ناوخۆیی پارتی کۆماریی لەسەر هەندێک لە سیاسەتە مشتومڕاوییەکانی سەرۆک نیشان دا.
پڕۆژەیاساکە بودجەی پێویست بۆ فەرمانگەی کۆچ و گومرگ و پاسەوانی سنوور تاوەکو کۆتایی خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ دابین دەکات. ئەمە بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ترەمپ دادەنرێت لە یەکێک لە سەرەکیترین بەڵێنەکانی هەڵبژاردنیدا، ئەوەش دوای چەندین لە ململانێی سیاسیی سەخت لەسەر داهاتووی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەران.
بڕیارە پڕۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت و سەرکردە کۆمارییەکانیش هیوادارن سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەسند بکرێت و رەوانەی کۆشکی سپی بکرێت بۆ واژۆکردنی کۆتایی.
کۆمارییەکان دیموکراتەکانیان تێپەڕاند
ئەم بودجەیە دوای پەککەوتنی بەشێکی حکومەت و وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی دێت کە ماوەیەک پێش ئێستا روویدا؛ کاتێک دیموکراتەکان رەتیانکردەوە دەنگ بە بودجەی نوێی کۆچبەران بدەن بەبێ دانانی سنوورێک بۆ تاکتیکەکانی دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر شوێنە هەستیارەکان.
کۆمارییەکان مەرجەکانی دیموکراتەکانیان رەتکردەوە و پەنایان بۆ پرۆسەی "ئاشتەوایی بودجە" برد، کە رێگەیان پێدەدات بەبێ پێویستی بە دەنگی دیموکراتەکان پڕۆژەکە تێپەڕێنن، بە مەرجێک خۆیان لەسەری هاوڕابن.
ناکۆکی لە نێوان کۆمارییەکاندا
پرۆسەی دەنگدانەکە مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە. کۆمارییەکان لەسەر دوو پرسی هەستیار دابەش بوون: یەکەمیان، پێشنیازی "سندووقی دژە چەکدارکردن" بە بڕی 1.8 ملیار دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی ترەمپ دەڵێت بە نادادی لەلایەن حکومەتەوە کراونەتە ئامانج. دووەمیان، تەرخانکردنی یەک ملیار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی هۆڵێکی نوێ لە کۆشکی سپی.
هەرچەندە پارەی هۆڵەکە لە پڕۆژەیاساکەدا لابرا، بەڵام ئەم بابەتانە نیگەرانیی لە ناو بەشێک لە کۆمارییەکان دروستکردووە، بەتایبەت کە هەڵبژاردنی نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی نزیکە و تێچووی ژیان بووەتە خەمی سەرەکیی دەنگدەران.
تۆم تیلیس، سیناتۆری کارۆلینای باکوور، لەبارەی سندووقە 1.8 ملیار دۆلارییەکە گوتی، "هیچ رێگەیەک نییە بۆ روونکردنەوە و پاساوپێدان بەو سندووقە، بۆیە تەنیا رێگە ئەوەیە بڵێین کۆتاییمان پێ هێناوە."
هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و سزاکانی رووسیا
لە هەنگاوێکی جیاوازدا کە وەک سەرپێچییەک لە سیاسەتەکانی ترەمپ بینرا، چەندین سیناتۆری کۆماری لەگەڵ دیموکراتەکان دەنگیاندا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا و دابینکردنی 8 ملیار دۆلار وەک قەرزی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا.
دیموکراتەکان رەخنەیان لە کۆمارییەکان گرت و رایانگەیاند، ئەوان لەجیاتی خەمی تێچووی ژیان و پرسی نیشتەجێبوونیان بێت، ئەجێندای دیپۆرتکردنەوەی ترەمپ دەخەنە پێش هەموو شتێکەوە.



