رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەورووپا لە "شەڕی ژیریی دەستکرد"دا لایەنگیریی واشنتن بکەن. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەوڵەکانی برۆکسل بۆ "دوورکەوتنەوە" لە تەکنەلۆژیای ئەمریکی.
ئەو هۆشدارییەی باڵیۆزی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە یەکێتیی ئەورووپا لەم هەفتەیەدا پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی و ئاسیایی ئاشکرا کرد، کە تێیدا لە گرێبەستە گشتییە هەستیارەکاندا، بەتایبەت لە بوارەکانی "کڵاود" و ژیریی دەستکرد، پێشینە دەدرێتە کۆمپانیاکانی ئەورووپا.
"شەڕی ژیریی دەستکرد"
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، ئەندرو پۆزدەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە یەکێتیی ئەورووپا، لە کۆڕبەندێکی ئابووریدا لە برۆکسل گوتی، "من نیگەرانم کاتێک دەبینم ئەورووپا هەوڵ دەدات لە پرسە تەکنەلۆژییەکاندا لە ئەمریکا جیا ببێتەوە."
پۆزدەر گوتیشی، "ئێمە لە شەڕێکی ژیریی دەستکردداین لەگەڵ چین. پێموایە بۆ شارستانیەتیی رۆژئاوا زۆر گرنگە کە ئەمریکا لەم شەڕەدا سەربکەوێت." هۆشداریشی دا کە ئەگەر بەیژینگ سەربکەوێت، رەنگە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی بۆ گوشارخستنە سەر ئابووریی جیهان بەکاربهێنێت، ئەوەش لە زیانی ئەورووپا دەبێت.
یەکێتیی ئەورووپا پڕۆژەی "سەروەریی تەکنەلۆژی" بە پرسێکی مان و نەمان دەبینێت. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، زیاتر لە 80%ی بەرهەمە دیجیتاڵییەکان، خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانە تەکنەلۆژییەکانی ناو یەکێتییەکە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە دابین دەکرێن.
برۆکسل دوای قەیرانەکانی ساڵی رابردووی چیپ و کانزا دەگمەنەکان لەگەڵ چین، هەست بە مەترسی دەکات. هاوکات نیگەرانییەک لە ناو سەرکردە ئەورووپییەکاندا هەیە کە رەنگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژێک لە رۆژان خزمەتگوزارییەکانی "کڵاود"ی ئەمریکی لەسەر ئەوروپا بپچڕێنێت.
باڵیۆزی ئەمریکا رایگەیاند، ئەورووپا بەهۆی نەبوونی کۆمپانیای زەبەلاح لە بواری ژیریی دەستکرد و بەرزبوونەوەی تێچووی وزەوە، زۆر لە دواوەیە و "ناتوانێت بە تەنیا بگاتەوە کاروانی پێشکەوتنەکان."
پۆزدەر گوتی، "ئەورووپا تەنیا لە رێگەی هاوبەشییەوە لەگەڵ ئەمریکا دەتوانێت بگاتەوە بەو پێشکەوتنانە، ئەمەش رێک ئەو شتەیە کە ئێمە هیوای بۆ دەخوازین."


