رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە ئۆکراینا و رووسیا پرۆسەیەکی نوێی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی جەنگیان ئەنجامدا، کە تێیدا نزیکەی 200 سەرباز لە هەر لایەک ئازادکران.
رۆژی هەینی،5ـی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی بەرگریی رووسیا، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "185 سەربازی رووسیا لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی رژێمی کیێڤ بوون، گەڕێندرانەوە. لە بەرامبەردا، 185 دیلی جەنگیی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا رادەستکرانەوە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەربازەکانی رووسیا گەیشتوونەتە خاکی بێلارووس و لەوێ چارەسەریی دەروونی و پزیشکیی پێویستییان پێشکێش دەکرێ. هەروەها یانا لانتراتۆڤا، کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤی رووسیا لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی سەربازە ئازادکراوەکان دەکات.
لای خۆیەوە، ناوەندی هاوئاهەنگیی کاروباری دیلەکانی جەنگی ئۆکراینا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی نوێی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەگەڵ رووسیا، 185 هاووڵاتیی ئۆکراینی گەڕانەوە خاکی وڵاتەکەیان.
دیلە ئازادکراوەکانی ئۆکرانیا لە کارمەندانی سەربازی و یەک هاووڵاتیی سڤیل پێکهاتوون. ئەو سەربازانەی ئازادکراون سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا، پاسەوانی نیشتمانی و دەستەی پاسەوانی سنوورن. لەنێو گەڕاوەکاندا ئەو سەربازانە هەن کە بەشدارییان لە شەڕی شاری ماریوپۆڵ کرد و لە کارگەی ئازۆڤستاڵ مانەوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی ئەو کەسانەی ئازادکراون، لە ساڵی 2022ەوە لای رووسیا دیل بوون.
یەڤهێن رێبرۆڤی تەمەن 54 ساڵ، کە لە ساڵی 2023ەوە دیل بوو، لە کاتی گەیشتنەوەی بە ئۆکراینا گوتی: "هەموو رۆژێک و لە هەموو ئاڵوگۆڕێکدا چاوەڕێی ئەم ساتە بووین." ئەو هاووڵاتییە خەمباریی خۆی بۆ ئەو هاوڕێیانەی دەربڕی کە هێشتا لە دیلیدا ماونەتەوە و گوتی: "زۆر دڵگرانم بۆ ئەو کەسانەی لەوێ ماون. ئەوان لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین."
ئەم ئاڵوگۆڕە بەشێکە لە رێککەوتنێکی مانگی ئایاری رابردوو لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆکراوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی 1000 دیل لە هەردوولا.
ئەندرێ یوسۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی هاوئاهەنگیی کاروباری دیلەکانی جەنگ، لە کاتی پێشوازیکردن لە دیلە ئازادکراوەکاندا پێی گوتن: "لە هەموو ئەم ماوەیەدا، ئۆکراینا هەموو رۆژێک خەبات و شەڕی بۆ ئێوە دەکرد."
ئەمە 75ـەمین ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان کێیڤ و مۆسکۆ بوو.


