رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا سزای بەسەر تۆڕێکدا سەپاند کە گوایە گازی شلی لە ئێرانەوە بۆ باشوور و رۆژهەڵاتی ئاسیا هەناردە کردووە، ئەوەش لە رێگەی ساختەکارییەوە کە وای نیشانداوە گوایە گازەکە لە وڵاتی عومانەوە براوە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەم تۆڕە کۆمپانیای وەهمی لە ئیمارات و چین بەکارهێناوە لەگەڵ "کەشتیگەلێکی سێبەر" بۆ گواستنەوەی گازەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم سیستمە کە بە مەبەستی خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا دروستکراوە، بایی سەتان ملیۆن دۆلار گازی شلی (LPG) گواستووەتەوە.
لە کۆتایی شوباتەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، واشنتن سزاکانی سەر ئەو وڵاتەی تووندتر کردووە.
جگە لەوەش، رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، واشنتن سزای بەسەر کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی و چەند کەسێکی پەیوەندیدار بەو کۆمپانیایەدا سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی یارمەتیی ئێرانیان داوە بۆ ئاسانکاریکردن لە ئاڵوگۆڕکردنی ملیاران دۆلار.
تۆمی پیگت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەم سزایانە بەشێکن لە هەڵمەتی 'تووڕەیی ئابووری'ی ئیدارەی ئەمریکا، کە زۆرترین گوشار دەخاتە سەر رژێمی ئێران و تواناکانی بۆ بەدەستهێنانی داهات پەکدەخات، بۆ ئەوەی نەتوانێت چەک دروست بکات، پاڵپشتیی بریکارە تیرۆريستەکانی بکات و دەستدرێژی لە ناوچەکەدا بکات."


