رووداو دیجیتاڵ داواکاری گشتی و پۆلیسی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە گەڕان بەدوای تۆمەتبارێکی کورد دا چڕدەکەنەوە کە 9 ساڵ پێش ئێستا کچە دووگیانەکەی خۆی کوشتووە و بەرەو هەرێمی کوردستان یان عێراق هەڵاتووە. بەپێی بەدواداچوونێکی بەرنامەی "دیاسپۆرا"ی رووداو، پۆلیسی ئەڵمانیا بەدوای تۆمەتبارێکدا دەگەڕێت بە ناوی (حەسەن فەیاز جوندی)، کە لە ساڵی 1972 لەدایکبووە و باڵای 164 سانتیمە. پۆلیسی کوێلن وێنە و پۆستەری ئەو تۆمەتبارەی بڵاوکردووەتەوە و بڕی 5000 یۆرۆ (پێنج هەزار یۆرۆ) وەک خەڵات بۆ هەر کەسێک دیاریکردووە کە زانیارییان بداتێ و ببێتە هۆی دەستگیرکردنی. چیرۆکی تاوانەکە کوشتنی کچێکی 19 ساڵ سەرهەڵدانی ئەم دۆسیەیە بۆ سەرەتای ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە. لە ئێوارەیەکی ساردی زستاندا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، کچێکی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی (زارێ جوندی) کە دووگیان بووە، بە شێوەیەکی "هەژێنەر" دەکوژرێت. پۆلیس باوکی کچەکە (حەسەن فەیاز) بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار دەکات. ئەوەی ئەم دۆسیەیەی ئاڵۆزتر و سەرنجڕاکێشتر کردووە، رەفتاری تۆمەتبارەکەیە دوای تاوانەکە. حەسەن فەیاز دوای کوشتنی کچەکەی، خاکی ئەڵمانیا جێدەهێڵێت و دەچێتەوە عێراق یان هەرێمی کوردستان. لەوێوە تەلەفون بۆ پۆلیسی ئەڵمانیا دەکات و شوێنی تەرمی کچەکەیان بۆ ئاشکرا دەکات. ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، بەدواداچوونی وردی بۆ دۆسیەکە کردووە و لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئولریش برێمە، داواکاری گشتیی شاری کۆڵن کردووە و وردەکاریی نوێی لەسەر دۆسیەکە و هەوڵەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی ئەو باوکە هەڵاتووە خستووەتەڕوو. داواکاری گشتی و پۆلیسی ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن، هەر زانیارییەکیان لەسەر شوێنی حەسەن فەیاز جوندی هەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی رادەستی دادگا بکرێت.
جیهان05-06-2026بەریتانیا رەخنە لە جێگرەکەی ترەمپ دەگرێ و بە "دەستوەردان لە دیموکراسی" تۆمەتباری دەکات