رووداو دیجیتاڵ
رزگار رەحیم، کارسازێکی کورد و خەڵکی سلێمانییە و لە شاری میونشنی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و خاوەنی کۆمپانیایەکی سەرکەوتووە. کۆمپانیاکەی، لە نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی میونشن بەشدارە و نزیکەی 150 کرێکار و ئەندازیار و کارمەندی هەیە.
رزگار، ماوەی 32 ساڵە لە ئەڵمانیایە و بە "رزگاری کلیل" ناسراوە، ئەوەی لە پیشەی باپیرییەوە لە سلێمانی بۆ ماوەتەوە، کە دووکانی کلیلیان هەبووە. ئەو کارسازە چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا دەگێڕێتەوە و باسی کارەکانی دەکات کە کۆمپانیاکەی پڕۆژەی گرنگی لە ئەڵمانیا جێبەجێ کردووە، لەوانە نۆژەنکردنەوەی وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەری میونشن و شانۆی ئەڵمانی.
رزگار لە ساڵی 1998ـەوە لە ئەڵمانیا کۆمپانیای تایبەتی خۆی دامەزراندووە. لە سەرەتادا تەنیا یەک یان دوو کرێکاری هەبووە و خۆیشی لەگەڵیاندا کاری کردووە، بەڵام ئێستا ژمارەی کرێکارەکانی گەیشتووەتە 150 کەس. ئەو گەشەکردنەی بە قورس وەسف کرد، کە پێویستی بە توانای ئیدارەکردن و بەرپرسیارێتییەکی زۆر هەبووە.
کۆمپانیاکەی دوو کاری سەرەکی دەکات: یەکەمیان رووخاندنی باڵەخانەی کۆنە کە پێویستە شتێکی نوێ لە شوێنیاندا دروست بکرێت، دووەمیشیان لابردنی مادەی "ئەزبێست"ـە.
سەبارەت بە ئەزبێست، روونیکردەوە کە ماددەیەکە تا ساڵی 1990 لە ئەڵمانیا بەکاردەهێنرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی هۆکارێکی سەرەکیی شێرپەنجەیە، بەکارهێنانی قەدەخە کرا. ئەزبێست دوو جۆری هەیە و لە چەندین بەشی باڵەخانەدا وەک دیوار، پشتی کاشی و بۆرییە کۆنەکانی ئاودا بەکارهاتووە. ئەم مادەیە تاوەکو نەشکێت زیانی نییە، بەڵام لە کاتی شکاندنی دا، ریشاڵەکانی لە رێگەی هەناسەدانەوە دەچنە ناو سییەکان و دەبنە هۆی شێرپەنجە. هەروەها، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە کەمیی هۆشیاری لەسەر ئەم بابەتە لە کوردستان.
ئەوان بۆ هەڵگرتنەوەی ئەزبێست، رێکاری تایبەتیان هەیە، بۆ ئەوەی کرێکارەکانیان و خەڵکیش لە زیانەکانی ئەو ماددە زیانبەخشە بپارێزن.
بەگوێرەی قسەکانی، کرێکاران سەرەتا دەچنە بەشی یەکەمی کابینەکە و جلەکانیان دادەکەنن، پاشان لە بەشی دووەمدا جلە پاکەکانیان لە کیسەیەکی تایبەتدا هەڵدەگرن. لە بەشی سێیەمدا، جلوبەرگی کار و ماسکێکی تایبەت بە ئەزبێست لەبەر دەکەن. ئەو ماسکە فلتەرێکی تایبەتی هەیە و پێویستە هەر 1 کاتژمێر جارێک کرێکارەکە پشوو بدات و ماسک و فلتەرەکەی بگۆڕێت.
دوای تەواوبوونی کار، کرێکارەکە بە هەمان رێکاردا دەگەڕێتەوە؛ جلە پیسەکانی کارکردن دادەکەنێت و دەیخاتە ناو کیسەیەکی داخراوەوە بۆ فڕێدان، پاشان خۆی دەشوات و جلە پاکەکانی خۆی لەبەر دەکاتەوە و لە کابینەکە دێتە دەرەوە. ئەم ڕێکارە بۆ ئەوەیە کە پڕووشی ئەزبێستەکە بە جلوبەرگ و جەستەیەوە نەمێنێتەوە و لە ڕێگەی هەناسەدانەوە هەڵنەمژرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ساڵی 1990 لە ئەڵمانیا دەرکەوت زۆربەی تووشبووانی شێرپەنجە کرێکارانی بیناسازی بوون. ئەو ماددەیە پێشتر بە فراوانی لە دروستکردنی بیناکاندا بەکاردەهات، چونکە ماددەیەکی زۆر خۆڕاگر و هەرزان بوو.
خاوەنی کۆمپانیاکە باسی کرێکارەکانی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتای کارکردنیدا زۆربەی کرێکارەکانی کورد بوون، نزیکەی 20 بۆ 25 کەسیان دوای ساڵانێکی زۆر هێشتا لە کۆمپانیاکەدا ماونەتەوە. ئەو کرێکارە کوردانە ئێستا پلە و بەرپرسیارێتییان وەرگرتووە و بوونەتە خاوەن دەسەڵات لەناو کۆمپانیاکەدا.
رزگاری کلیل، باس لە ئەزموونی خۆی دەکات کە بۆ بەڕێوەبردنی ژمارەیەکی زۆری کارمەند تەنها خوێندن بەس نییە، بەڵکو کەسایەتی، ئەزموونی ژیان، توانای کارگێڕی، فرەزمانی و شارەزایی لە بوارەکەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
باسی چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی دەکات کە بە عەرەبانە و خاکەنازێکەوە دەستی پێکردووە، بەڵام ئێستا سەرمایەی کۆمپانیاکەی ملیۆنان یۆرۆیە و ئاماژەی بەوە کرد، کە دووەم گەورەترین کۆمپانیای شاری میونش لە بواری تێکدان و لابردنی ئەسبێست بەڕێوەدەبات و شانبەشانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کاردەکات.
ئەو کارسازە باسی لەوە کرد کە دوای گەیشتن بە ئاستێکی باشی دارایی، بڕیاری داوە یارمەتیی خەڵکی دیکە بدات. ڕایگەیاند کە ساڵانە بەرپرسیارێتیی خوێندنی 12 قوتابی لە شاری سلێمانی لە ئەستۆ دەگرێت و لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا زانکۆ تێچووی خوێندنیان دابین دەکات. جەختی لەوەش کردەوە کە حەز دەکات یارمەتییەکانی بە شێوەیەکی نهێنی بن و ئەو قوتابییانە نازانن کێ هاوکارییان دەکات، تەنها دەزانن کەسێکە بە ناوی ڕزگار لە ئەڵمانیاوە. بە بڕوای ئەو، دەوڵەمەندبوون کاتێک خۆشە مرۆڤ دەستی هاوکاری بۆ خەڵکی دیکە درێژ بکات و ببەخشێت.
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)