رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی لەناو ئەندامانی پارتەکەی بووەتەوە و بەشێک لە پڕۆژەکانی لەلایەن کۆمارییەکانەوە پەکدەخرێن.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆمارییەکان کە پێشتر بە دەگمەن دژی بڕیارەکانی ترەمپ دەوەستانەوە، ئێستا ئامادەیی زیاتریان تێدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ویستەکانی سەرۆک. تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، چەندین ئەندامی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران دژی بەردەوامیی جەنگی ئێران وەستاونەتەوە.
هەر لە چوارچێوەی ئەو بەرهەڵستییانەدا، کۆنگرێس تەرخانکردنی بودجەی یەک ملیار دۆلاری بۆ دروستکردنی "هۆڵە گەورەکەی کۆشکی سپی" رەتکردەوە. هەروەها رێگرییان لە تێپەڕبوونی یاسای "سیخوڕیی ناوخۆیی" کرد کە ترەمپ داوای دەکرد.
هاوکات، ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی پێنجشەممە بە پەسندکردنی هاوکاریی نوێ بۆ ئۆکراینا و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیادا، جارێکی دیکە دژایەتیی خۆی بۆ سیاسەتەکانی ترەمپ نیشان دا.
تۆم تیلیس، سیناتۆری کۆماری لەبارەی ئەم گۆڕانکارییانە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن، ئەندامانی کۆنگرێس زیاتر بەو شێوەیە دەنگ دەدەن کە دەنگدەرانیان دەیانەوێت."
لە بەرامبەردا، ئەبیگەیل جاکسۆن، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، میدیاکان و دیموکراتەکان دەیانەوێت دووبەرەکی لەناو ماڵی کۆمارییەکاندا دروست بکەن. جۆن فێتەرمان، سیناتۆری دیموکراتیش پێیوایە ترەمپ هێشتا "کۆنترۆڵی تەواوی" بەسەر پارتەکەدا هەیە.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکرد، گوشارێکی زۆری سیاسی و ئابووریی خستووەتە سەر واشنتن. بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و تێچووی زۆری جەنگ، وایکردووە کۆمارییەکان لە ترسی لەدەستدانی دەنگی هاووڵاتییانیان، چیدی وا بە ئاسانی پشتگیری لە هەموو بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ نەکەن.



