رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کار بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی نوێ دەکات کە ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە لە وڵاتانی کەنداو کەتوونەتەوە، لە رێگەی پارە سڕکراوەکانی تارانەوە قەرەبوو بکرێتەوە.
رۆژی شەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە رۆژنامەی (The Post)ـی راگەیاند، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە، تیمەکەی راسپاردووە هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکانی هاوپەیمانەکانیان لە کەنداو بکەن؛ ئامانج لێی بەکارهێنانی پارە سڕکراوەکانی ئێرانە بۆ ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی تاران لە رابردوودا دروستی کردوون یان لە داهاتوودا دروستیان دەکات.
ئەم هەنگاوەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئێران 7 مووشەکی بالیستیی ئاراستەی کوێت و بەحرێن کردووە.
هەفتەی رابردووش، هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت، کە بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و زیاتر لە 60 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا بە فەرمی بڕی ئەو پارەیەی بۆ قەرەبووکردنەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام باس لە 24 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران دەکرێت کە یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کێشەی نێوان واشنتن و تاران.
لە بەرانبەردا، ئێران کاردانەوەی هەیە و مەرج بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان دادەنێت. موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی، بە کەناڵی (CNN)ـی راگەیاندووە کە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست.
رەزایی جەختی کردەوە کە هەر پێشکەوتنێک لە دانوستانەکاندا، تەنیا بە مەرجی ئازادکردنی ئەو 24 ملیار دۆلارە سڕکراوەی ئێران دەبێت کە لای ئەمریکایە.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکرد. داخستنی تەنگەی هورمز و هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان، گوشارێکی ئابووری و ئەمنی زۆری خستووەتە سەر ناوچەکە و جیهانیش.



