رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، خوازیاری ئەوەیە هێرشەکان بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان ورد و دیاریکراو بن و رایگەیاند، داوا ناکات کێشەی لوبنان بخرێتە نێو رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە گەیشتن بە رێککەوتن لە دۆسیەی لوبناندا "حەزدەکات یارمەتیدەر بێت."
رۆژی یەکشەممە 07-06-2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لە کەناڵی ئێن بی سی نیوز، کە رۆژی هەینی تۆمارکراوە، تیشکی خستە سەر دۆخی لوبنان و هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر جەنگەکە.
هێرشی وردتر بۆ سەر حیزبوڵڵا و جیاکردنەوەی رێککەوتنی ئێران
ترەمپ لەبارەی هێرشەکانی سەر حیزبوڵڵا گوتی: "حەز دەکەم هێرشی وردتر بۆ سەر حیزبوڵڵا ببینم. پێموایە دەبێت هێرشەکە ورد و دیاریکراو بێت، حەز دەکەم لوبنان ژیانێکی باشتری هەبێت."
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا داوای جێگیرکردنی پرسی لوبنان دەکات لە رێککەوتنی ئێراندا، ترەمپ وەڵامی دایەوە: "نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. من داوا ناکەم. پێموایە ئەوان حەز دەکەن ئەوە ببینن، بەڵام من داوا ناکەم."
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، دەیەوێت گفتوگۆکانی لوبنان لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئێران "جیا بکاتەوە،" لە کاتێکدا تاران بە پێچەوانەوە دەیەوێت هەردوو پرسەکە بە یەکەوە ببەستێتەوە.
سەرزەنشتکردنی نەتەنیاهوو
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی هەفتەی رابردوودا لەگەڵ نیویۆرک پۆست (New York Post) پشتڕاستیکردەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرژی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەبووە و تێیدا سەرزەنشتی هاوپەیمانە نزیکەکەی کردووە لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان.
ئەمە لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە هێرشی نوێی کردە سەر باشووری بەیرووت [زاحیە]، کە پێگەی سەرەکیی حیزبوڵڵایە، بەو بیانووەی وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە، سەرەڕای ئاگربەستێک کە تاوەکو ئێستا نەبووەتە هۆی راگرتنی تووندوتیژییەکان.
رۆڵی سووریا و ئەحمەد شەرع لە ناوبژیوانییەکەدا
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کرد، کە چەکدارێکی پێشووی جیهادی بووە و ئێستا پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و دەتوانێت رۆڵ لەم پرسەدا ببینێت.
ترەمپ گوتی: "دەتوانین پێشنیازی سووریا بکەین. سووریا کارێکی زۆر باش دەکات لە رێکخستنەوەی کارەکانی خۆیدا. ئەوان سەرکردەیەکی زۆر باشیان هەیە و ئەویش حەزدەکات یارمەتیدەر بێت."
مێژووی پێکدادانەکان و قەبارەی زیانەکان
حیزبوڵڵا لە 2ـی ئاداردا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئاگربەستێکی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کە بڕیار بوو لە 17ـی نیسانەوە شەڕ رابگرێت، جێبەجێنەکراوە.
بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بوونەتە هۆی وێرانبوونی چەندین باڵەخانە و بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەکان، کوژرانی زیاتر لە سێ هەزار و 560 کەس. لە لایەنی ئیسرائیلیشەوە، 29 سەرباز و یەک بەڵیندەری سڤیل لە لوبنان کوژراون.



