رووداو دیجیتاڵ سوپای نایجیریا رایدەگەیێنێت کە 360 کەسی ئازاد کردووە، کە پێشتر لەلایەن چەکدارانی بۆکۆ حەرامەوە لە باشووری بۆرنۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە رفێندرابوون. بەپێی راگەیێندراوێکی سوپاکە، ئۆپەراسیۆنەکە لە چیاکانی مەندارا ئەنجامدراوە کە بەشێکن لە پێگەی سەرەکیی گرووپە چەکدارەکە. رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، ئەو ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی رزگارکردنی چەندین کەس، لە نێویاندا منداڵان، کە لە کۆمەڵگەی جیاوازی بۆرنۆ رفێندرابوون. هارونا سانی، گوتەبێژی سوپاکە گوتی، دوو منداڵی ساوا بەهۆی سەختیی ناوچە شاخاوییەکە و ئەو دژوارییەی لە ماوەی دەستبەسەرییە درێژخایەنەکەیاندا چەشتوویانە، "بەهۆی ماندووبوونەوە گیانیان لەدەست دا." سانی گوتیشی: "ئەو رفێندراوە رزگارکراوانەی دیکە بە سەرکەوتوویی بۆ شوێنی ئارام گواستراونەتەوە بۆ وەرگرتنی چاوەدێریی پزیشکی و یارمەتیی مرۆیی." نایجیریا رووبەڕووی قەیرانێکی ئەمنیی ئاڵۆز بووەتەوە، بەتایبەتی لە باکوور کە زیاتر لە دەیەیەکە یاخیبوون و چالاکیی گرووپە چەکدارەکان کە بۆ وەرگرتنی پارە خەڵک دەرفێنن، ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیانی زیاتر کردووە. لەم قۆناخــەدا، دۆخەکە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە. لە دیارترین گرووپە چەکدارەکان، بۆکۆ حەرام و باڵە جیابووەکەیەتی کە سەر بە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ە. مانگی رابردوو، سوپای نایجیریا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی 175 چەکداری ئیسواپیان کوشتووە. بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاخیبوون لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە.