رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، کەناراوەکانی باشووری فلیپینی هەژاند، بەهۆیەوە لانی کەم کەسێک گیانی لەدەستدا و چەندین باڵەخانەش داڕمان؛ هاوکات هۆشداریی تووند لە ئەگەری روودانی شەپۆلی تسۆنامی لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە دراوە.
دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 35 کیلۆمەتر لە دەریادا و لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی "مینداناو" روویداوە. دوای نزیکەی دوو کاژێریش، پاشەلەرزەیەکی دیکەی بەهێز بە گوڕی 6.1 پلە هەمان ناوچەی هەژاندووەتەوە.
داڕمانی باڵەخانەکان و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن
چەند گرتە ڤیدیۆییەک دیمەنی داڕمانی سەنتەرێکی بازرگانیی گەورە لە شاری "جەنەراڵ سانتۆس" نیشان دەدەن کە بە تەواوی بووە بە کەلاوە، جگە لە داڕمانی باڵەخانەی قوتابخانەیەکی ناوخۆیی لە ناوچەکەدا.
رۆبێرت داگۆن، ئەفسەر لە پۆلیسی شاری جەنەراڵ سانتۆس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "چەندین باڵەخانە و خانووی هاووڵاتیان داڕماون. بەهۆی ئەوەی لەم کاتەدا سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی فریاکەوتن و رزگارکردنین، ناتوانین ژمارەی تەواوی باڵەخانە زیان لێکەوتووەکان دیاری بکەین". ئەو ئەفسەرە گیانلەدەستدانی لانی کەم کەسێک و برینداربوونی چوار کەسی دیکەی پشتڕاستکردەوە.
سەنتەری هۆشداریدان لە تسۆنامی لە دەریای هێمن راگەیاند، ئەگەری هەیە لە سێ کاژێری داهاتوودا شەپۆلەکانی تسۆنامی بگەنە کەناراوەکانی فلیپین، ئیندۆنیزیا، پالاو، تایوان و پاپوا گینێی نوێ.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو سەنتەرە، بەرزیی شەپۆلەکان لە کەناراوەکانی فلیپین لە نێوان یەک تاوەکو سێ مەتر دەبێت و، لە کەناراوەکانی ئیندۆنیزیا و مالیزیاش لە نێوان 0.3 تاوەکو یەک مەتر دەبێت.
رێکاری بەپەلە لە ژاپۆن و ئیندۆنیزیا
هاوکات، ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن هۆشداریی تسۆنامی لە کەناراوەکانی خۆی لە دەریای هێمن، لە دوورگەکانی ئۆکیناوای باکوورەوە تاوەکو رۆژهەڵاتی تۆکیۆ راگەیاند، کە پێشبینی دەکرێت بەرزیی شەپۆلەکان بگاتە یەک مەتر.
ئاژانسەکە داوای لە هاووڵاتیان کردووە: "ئەوانەی لە ناو دەریا دان دەبێت دەستبەجێ بێنە دەرەوە و لە کەناراوەکان دوور بکەونەوە. تەوژمەکانی ئاو بە بەهێزی دەمێننەوە، بۆیە تکایە نزیکی دەریا مەبنەوە تاوەکو هۆشدارییەکە لادەبرێت".
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیندۆنیزیا فەرمانیان بە کۆچپێکردن و چۆڵکردنی بەپەلەی ناوچەکانی باکووری وڵاتەکەیان کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر شەپۆلێکی لەناکاوی تسۆنامی.


