رووداو دیجیتاڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس رایدەگەیێنێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لە "ژووری بارودۆخە نائاساییەکان" کرد بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی هێرشکردنە سەر ئێران، ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی رایگەیاندبوو، "ئەمڕۆ بە تووندی لێیان دەدەینەوە." بەپێی زانیارییەکانی دوو سەرچاوەی ئەمریکی، ترەمپ ئێستا تاوتوێی بژاردەیەک دەکات کە بریتییە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "گەورە لە رووی قەبارەوە، بەڵام کورتخایەن لە رووی کاتەوە"، ئامانج لێی گوشارخستنە سەر ئێرانە بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی لە دانوستاندنەکاندا بگۆڕێت و رێککەوتنەکە واژۆ بکات. هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە تاران هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکان، نێوەندگیرانی قەتەری رۆژی چوارشەممە لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە، بە مەبەستی تەواوکردنی ئەو رێککەوتنەی کە چەند هەفتەیەکە واشنتن و تاران گفتوگۆی لەسەر دەکەن. سەرچاوەکان دەڵێن ئەگەر ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە ئەنجامیان نەبێت، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا دەستپێدەکەنەوە. ئەمریکا شەوی سێشەممە چەند بنکەیەکی رادار و بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی کردووەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکان بە جۆرێک بوون کە زیانی گیانییان لێنەکەوێتەوە، تاوەکو هێشتا دەرفەت بۆ رێککەوتنی دیپلۆماسی بمێنێتەوە. ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لە کۆبوونەوەی "ژووری ئۆپەراسیۆنەکان"دا، هەریەک لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی؛ جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشكی سپی ئامادە بوون. هەروەها پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفسڕانەوە لە بنکەی فەرماندەیی ناوەندی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە فلۆریدا بەشداریی کرد و لەوێوە بە سەربازانی وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەگەر رێککەوتن نەکەن، بە تووندی لێیان دەدەین." سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ترەمپ لە پشت پەردەوە زۆر بێزارە، چونکە ماوەی دوو هەفتەیە چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی ئێران دەکات بۆ ئەو پێشنیازەی خستوویەتییە بەردەستیان، بەڵام تاران تاوەکو ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە.
جیهان10-06-2026تورکیا نەتەنیاهوو بە "پسپۆڕی کۆمەڵکوژی" و ئیسرائیلیش ئەردۆغان بە "بکوژی کورد" ناودەبات
جیهان10-06-2026ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای "زانیاریی بەپەلە" لەبارەی یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران دەکات