رووداو دیجیتاڵ
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، هۆشداریی لە گەڕانەوە بۆ جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکە دەدات. کالاس دوای گفتوگۆ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئێران و کوێت، ئاماژەی بەوەکرد، هێرشکردنە سەر ژێرخانی وڵاتانی کەنداو هێڵی سوورە و دەبێت رێڕۆی دیپلۆماسیی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان هەڵبژێردرێ.
رۆژی پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، کایا کالاس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی دوایین پەرەسەندنی گرژییەکان لە کەنداو و ئاستی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، قسەی کردووە. کالاس هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندیی بە شێخ جەراح جابر ئەحمەد، وەزیری دەرەوەی کوێتەوە کردووە تاوەکو لە نزیکەوە بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە تاوتوێ بکەن.
بەرپرسە باڵاکەی یەکێتیی ئەورووپا بە تووندی رەخنەی لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان گرت و گوتی: "دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ژێرخانە هەستیارەکانیان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
کالاس هۆشداریی دا کە گەڕانەوە بۆ جەنگێکی سەرتاسەریی تێچوویەکی یەکجار گەورەی بۆ هەموو ناوچەکە دەبێ. هەروەها، جەختی کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە هێشتا رێڕۆی دیپلۆماسیی باشترین و تاکە رێگەیە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە. لە چەند رۆژی رابردوودا، هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکان بۆ سەر کوێت و بەحرێن زیادیان کردووە، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی جیهان بکەونە ژێر گوشارێکی زۆر بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.



