رووداو دیجیتاڵ بەپێی ئامارێکی نوێی هاوپەیمانیی بەرەنگاربوونەوەی دژایەتیکردنی ئیسلام و موسڵمانان لە ئەڵمانیا (کلایم)، گوشار و هێرشەکان بۆ سەر موسڵمانانی دانیشتووی بەرلین زیادیان کردووە؛ بە جۆرێک لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژانە بە تێکڕا سێ حاڵەتی هێرش و سووکایەتی تۆمارکراون. بەپێی راپۆرتەکەی رێکخراوی "کلایم"، هێرشەکان جۆراوجۆرن و لە سووکایەتیی زارەکییەوە تاوەکو هێرشی جەستەیی دەگرنەوە. ئامارەکان دەریدەخەن کە ژنان زیاتر دەبنە ئامانجی ئەو هێرشانە و 58%ی قوربانییەکان ئەو ژنانەن کە باڵاپۆشن (حیجاب دەپۆشن). لەبارەی شوێنی روودانی هێرشەکان، ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەی سووکایەتییەکان لە شوێنە گشتییەکان، بەتایبەتی لەنێو شەمەندەفەر و هۆکانی دیکەی گواستنەوەی گشتیدا روویانداوە. هەروەها دیاردەکە گەیشتووەتە نێو ناوەندەکانی خوێندنیش، بە جۆرێک لە قوتابخانەکانی بەرلیندا 100 حاڵەتی سووکایەتی و تووندوتیژی دژی قوتابییانی موسڵمان تۆمارکراون. بەگوتەی رێکخراوەکە، زۆر جار دامەزراوە فەرمییەکان وەک پێویست و بەجدی سکاڵای موسڵمانان لەسەر ئەو هێرشانە وەرناگرن. ئەو شەپۆلەی دژایەتیکردنە لەکاتێکدایە، کە بەپێی دەستوور و یاساکانی ئەڵمانیا، مافی موسڵمانان و پەیڕەوانی هەموو ئایینەکانی دیکە و تەنانەت بێ بڕوایانیش وەک یەک پارێزراوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا تاوەکو ئێستا چەندین کەس لەسەر سووکایەتیکردن یان هێرشکردنە سەر موسڵمانان، لەلایەن دادگاکانی ئەڵمانیاوە سزادراون.
جیهان13-06-2026ئەمریکا ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی و وڵاتی دیکە بۆ کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست دیپۆرت دەکات