رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تووڕەیی تووندی خۆی بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەیاند بەهۆی هێرشەکەی بەیانیی ئەمڕۆی بەیرووت کە بووە هۆی دواکەوتنی چەند کاژێریی واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا. ترەمپ رایگەیاند، کە نەتەنیاهوو "توانای بڕیاردانی دروستی نییە" و گوتی، پێشبینی دەکات رێککەوتنەکە لە چەند کاژێری داهاتوودا بە شێوەی "ئەلیکترۆنی و لە دوورەوە" واژۆ بکرێت.
رۆژی یەکشەممە 14-06-2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی توونددا بۆ ئەکسیۆس (Axios) و لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، گوتی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کردووە.
ترەمپ بە نەتەنیاهووی گوتووە: "خەریکی چ کارێکی قۆڕ و نەفرەتیت لە لوبنان؟" سەرۆکی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاند: "بیبی [نەتەنیاهوو] بە هیچ شێوەیەک هیچ ژیرییەک یان توانای بڕیاردانی دروستی نییە، من ئەو پەیامەم پێگەیاند کە زۆر بەم هێرشەی بەیرووت نیگەرانم."
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا بە تووڕەییەوە گوتی: "بۆچی دەبوو بیبی هێرشێکی نەگریسی وا ئەنجام بدات؟ زۆر تووڕە بووم. ئەوەم پێڕاگەیاند."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل رێگر بووە لەوەی رێککەوتنەکە لە کاتی خۆیدا لە بەیانیی ئەمڕۆدا واژۆ بکرێت. "بڕیار بوو بەیانیی ئەمڕۆ رێککەوتنەکە واژۆ بکەین، بەڵام بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت چەند کاژێرێک دوایخست."
ترەمپ رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل نەبووەتە هۆی تێکدانی پلانەکە و واژۆکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێراندا بۆ ئەمڕۆ بەپێی پلانەکە بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای هەڕەشەکانی تاران بۆ تۆڵەسەندنەوە.
ترەمپ پێشبینی کرد کە رێککەوتنەکە لە ماوەی دوو بۆ سێ کاژێری داهاتوودا بە فەرمی بە شێوەی "ئەلیکترۆنی و لە دوورەوە" واژۆ بکرێت، پاشان دوای هەفتەیەک واژۆکردنێکی دیکەی ئامادەبووانە (حزوری) رەنگە لە ئەوروپا بەڕێوەبچێت.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، بە فەرمی داوای لە نەتەنیاهوو کردووە هیچ هێرشێکی دیکە لە لوبنان نەکات و هۆشداریی پێداوە کە هێرشی زیاتر رەنگە رێککەوتنەکە بخاتە مەترسییەوە. هەروەها گوتیشی، داوا لە ئێران دەکات وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت نەداتەوە.
ترەمپ بەڵێنیدا، ئەگەر ئەمشەو رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، دەستبەجێ فەرمانی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران دەردەکات. ترەمپ گوتیشی، رێککەوتنەکە بە تەواوی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلدایە، چونکە "رێگری لە ئێران دەکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پابەندی دەکات بە نەهێشتن و رزگاربوون لە تەواوی مادە ئەتۆمییەکانی."
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 14-06-2026 ئیسرائیل رایگەیاند، حیزبوڵڵا هێرشی کردووەتە سەر باکووری ئیسرائیل بەڵام زیانی گیانی نەبووە. لە وەڵامدا، ئیسرائیل بۆردوومانی باشووری بەیرووت (زاحیە)ـی کرد و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، سێ کەس کوژران.
ئێران رایگەیاند، ئەم هێرشە بێ وەڵام نابێت و ئیسرائیلیش گوتی، لە ئامادەییدایە.



.jpg&w=3840&q=75)