رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە رووداویان گوت، واشنتن و تاران بە فەرمی یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆکردووە، کە رێگە خۆش دەکات بۆ کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و تەرخانکردنی سندوقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران، ئەمەش وەک یەکەم پێشهاتی گەورەیە لە جەنگێکی 47 ساڵەی نێوان هەردوو وڵاتدا.
رۆژی دووشەممە 15-06-2026، دوو بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا بە چەند رۆژنامەڤانێكیان راگەیاند، کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتنیش ئامادەی بوو، واژۆکردنی ئەم یاداشتە لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا بووە و دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە لە پەیوەندییەکاندا.
مەرجێکی سادە: وەک دەوڵەتێکی ئاسایی رەفتار بکەن
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکان بە رووداوی راگەیاند: "ئەم یاداشتە چوارچێوەیەک بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوومان دیاردەکات. مۆدێلی کارکردنەکە سادەیە: هەرچەندە ئێرانییەکان زیاتر ئامادە بن بۆ کارکردن لەگەڵمان لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمییەکەیان، دڵنیابوونەوە لەوەی کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنن، پاڵپشتیی دارایی تیرۆر و تووندڕۆیی لە ناوچەکەدا ناکەن، ئەوا زیاتر پێشوازییان لێدەکرێت لە ئابووریی جیهاندا، ئەمەش لە رێگەی سووککردنی سزاکان و رێوشوێنی ئابووری دیکەوە. ئەگەر ئەوان ئامادە بن وەک دەوڵەتێکی ئاسایی رەفتار بکەن، ئێمەش ئامادەین وەک دەوڵەتێکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ بکەین."
بەرپرسەکان گوتیان، ئەمە دەبێتە هۆی گەیشتن بە خۆشگوزەرانیی گەورە بۆ گەلی ئێران، ناوچەی کەنداو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
کردنەوەی دەستبەجێی هورمز و دابەزینی نرخی نەوتی برێنت
بەرپرسەکان رایانگەیاند، یاداشتەکە کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی بە یەکەوە لەخۆدەگرێت.
سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنەکە، یەکێک لە بەرپرسەکان گوتی: "کردنەوەی دەستبەجێ کەمێک کاتی دەوێت، چونکە مین لە تەنگەکەدا چێندراوە، بەڵام لە چەند رۆژ یان چەند هەفتەی داهاتوودا هاتووچۆیەکی زۆر بەرفراوان لە تەنگەکەدا دەبینن. پێشوەختە نرخی نەوتی برێنت بۆ 83 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیوە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی متمانەی بازاڕە بە خێرایی چارەسەرکردنی دۆخەکە."
بۆچی ئێران ئێستا رازی بووە؟
بەرپرسە باڵاکان سەرکەوتنی دانوستاندنەکانیان بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی گەڕاندەوە:
1. لاوازبوونی ئابووری و سەربازیی ئێران: جەنگەکە زیانی قورسی بە پیشەسازی و هێزی سەربازیی ئێران گەیاندووە و وڵاتەکەی بەراورد بە پێشوو زۆر لاوازتر کردووە.
2. گوشارە چڕەکان: تێکەڵکردنی گوشارە ئابووری، دیپلۆماسی و سەربازییەکان لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا و لە ماوەی چوار ساڵی یەکەمی ئیدارەی ترەمپدا، ئێرانی ناچار کرد سازش لەسەر ئەو شتانە بکات کە پێشتر رەتی دەکردنەوە.
3. ناکۆکی ناوخۆیی تاران: جەنگەکە درزی لەنێوان بەرپرسانی ئێراندا دروستکردووە، بەشێکیان دەیانەوێت لەسەر هەمان رێگەی 47 ساڵەی رابردوو بەردەوام بن و بەشێکی دیکەشیان دەیانەوێت رێڕەوی وڵاتەکەیان بگۆڕن و ئەمریکاش کار لەگەڵ لایەنی دووەم دەکات.
4. کۆنترۆڵنەکردنی تەنگەکە: ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان و دەربازکردنی زیاتر لە 7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە تەنگەکە، ئێرانی گەیاندە ئەو باوەڕەی کە چیدی تەنگەکەی لەژێر کۆنترۆڵدا نییە و گەمارۆکە خەریکە دەیانخنکێنێت.
سندوقی 300 ملیار دۆلاری و وادەی واژۆکردنی رێککەوتنەکە
بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا گوتیان، ئەمڕۆ یاداشتی یەکەمی لێکتێگەیشتن واژۆکراوە و لە ماوەی 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوودا سەرجەم وردەکارییەکان بڵاودەکرێنەوە. رێوڕەسمی واژۆکردنی فەرمیش رۆژی هەینی (19-06-2026) لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت، دواتر گفتوگۆی تەکنیکی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات.
بەرپرسێک بە رووداوی راگەیاند: "لە یاداشتەکەدا باسی پێشکێشکردنی هاوکاریی دارایی، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان و سندوقێکی گەورەی 300 ملیار دۆلاری کراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران. بەڵام پێویستە هەمووان بزانن کە هەموو ئەمانە بەند دەبن بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانەوە. ئێمە پارە بۆ یاری پێکردن نادەین. پارە نادەین تەنیا بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەیەک یان کردنەوەی تەنگەکە. دەستڕاگەیشتن بە ئابووریی جیهان تەنیا کاتێک روودەدات کە ئێران بیسەلمێنێت متمانەی پێدەکرێت و هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات لە تاریکیدا."
بەرپرسەکان باسیان لەوە کرد، ئەوان بە چاوی کراوەوە دەچنە نێو ئەم دانوستاندنە مێژووییانە و بەردەوام دەبن لە چاودێریکردن و پشتڕاستکردنەوەی هەنگاوەکان، هۆشداریشیان دا ئەگەر ئێران پابەند نەبێت، ترەمپ چەندین ئامرازی بەهێزی دیکەی هەیە کە دەتوانێت بەکاریان بهێنێت.
ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا لە بارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا رایگەیاند، پلانەکە بریتییە لە پاراستنی ئامادەیی ئێستای هێزەکان لە ماوەی قۆناخی داهاتووی دانوستاندنەکاندا.
بەرپرسەکە گوتی، ئەوان لە پێشتردا هێزێکی زۆریان لە ناوچەکەدا کۆکردبووەوە بۆ ئامادەکاری بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە مانگی شوباتدا دەستیپێکرد.
ئەو بەرپرسانە گوتیان، کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا مەرجدارە بە رێککەوتنی کۆتایی و سازشی ئێران لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی.
دوورخستنەوەی عومان و متمانە بە پاکستان و قەتەر
بەرپرسە باڵاکان رایانگەیاند، یەکێک لە ئاڵنگارییەکانیان چۆنیەتی دروستکردنی کەناڵی پەیوەندیی بووە لەگەڵ ئێراندا، چونکە لە رابردوودا پەیوەندییەکان لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و عومانییەکانەوە بووە.
بەرپرسەکە رایگەیاند، ئەوان لە کارەکانی عومان زۆر نیگەران بوون چونکە بە شێوازێکی "دووڕووانە کاریان دەکرد و وەک کارمەندی ئێرانییەکان رەفتاریان دەکرد،" بۆیە لەم پرۆسەیەدا بە تەواوی عومانییەکانیان دوورخستووەتەوە و لەبری ئەوە پشتیان بە پاکستان و قەتەر بەستووە کە هاوکاریان بوون لە دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندیی ئاستبەرزدا.
بۆچی رێبەری ئێران رێککەوتنەکەی واژۆ نەکرد؟
سەبارەت بەوەی بۆچی لەلایەن ئێرانییەوە تەنیا سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتنەکەی واژۆ کردووە و رێبەر واژۆی نەکردووە، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکان روونیکردەوە، لە مێژووی رێککەوتنەکانی وەک ئەوەی 2015، رێبەری ئێران هەرگیز رێککەوتنی لەو شێوەیە واژۆ ناکات، چونکە ئەوە رۆڵی ئەو نییە لە سیستمەکەیاندا. بەڵام سەرۆکی پەرلەمان ئەو کەسەیە کە ئێستا زۆرترین کاریگەریی لە سیستمەکەیاندا هەیە و لەلایەن رێبەر و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە مۆڵەتی پێدراوە دانوستاندن بکات و واژۆی بکات.
ئایا وڵاتانی کەنداو دەتوانن بە جیا پارەی ئێران ئازاد بکەن؟
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا وڵاتانی وەک ئیمارات یان قەتەر دەتوانن بە جیا پارەی ئێران ئازاد بکەن، بەرپرسەکە رایگەیاند، زۆربەی سزاکان و رێساکان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادان. زیاتر لەوەش، وڵاتانی هاوپەیمانی کەنداو پاڵپشتیی تەواوی ئەم رێککەوتنە دەکەن چونکە بە "پێچەوانەی رێککەوتنی پێشوو کە ئێرانی بەهێز دەکرد بۆ کاری خراپ، لێرەدا دەبینن کە رێگری لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەکات. بۆیە بیرکردنەوە لەوەی کە ئەو وڵاتانە بە جیا لەگەڵ ئێراندا رێکبکەون، شتێکی بێ بنەمایە، چونکە ئەوان هاوپەیمانی ئەمریکان."
مەرجەکانی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان و روونیی رێککەوتنەکە
بەرپرسە باڵاکان دووپاتیان کردەوە، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە تەواوی بە شێوەیەکی ئاشکرا بڵاودەکرێتەوە، چونکە بەبێ شەفافیەت هیچ سوودێکی نییە و هیچ رێککەوتنێکی ژێرپەردە نییە. ئەوان ئامادەن لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا هەندێک ئاماژەی بچووک (ئازادکردنی بڕێکی کەم لە پارەکان یان سووککردنی سزاکان) بنێرن، ئەگەر ئێران بە هەمانشێوە ئاماژەی ئەرێنی نیشان بدات، بەڵام هەمووی بە جێبەجێکردنی کردەییەوە بەند دەبێت.
پرسی لوبنان و ئیسرائیل و مەرجی کشانەوە
بەرپرسەکان گوتیان، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل مەرجێکی رێککەوتنەکە نییە.
رێککەوتنەکە ئاگربەستە و نابێت بە شێوەیەکی یەک لایەنە بێت؛ ئەگەر ئێران نەتوانێت کۆنترۆڵی حیزبوڵڵا بکات و ئەوان هێرش بکەن، ئیسرائیل مافی پاراستنی خۆی دەبێت. بەڵام ئێستا گفتوگۆی راستەوخۆی مێژوویی لە نێوان حکومەتی لوبنان و ئیسرائیلدا هەیە دژی گرووپە پاڵپشتیکراوەکان و خاڵی یەکەمی یاداشتەکە باس لە کۆتاییهێنان بە دووژمنایەتییەکان دەکات کە هیوادارن پێکدادانی لوبنان و ئیسرائیلیش چارەسەر بکات. یەکێک لە بەرپرسەکان گوتی: "پێموانییە بتوانیت لە رێگەی کوشتنەوە لەم کێشانە رزگارت بێت. پێویستت بە چارەسەرێکی دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی هەمووان چەکەکانیان دابنێن."
ئاڵنگارییەکانی داهاتوو لە ماوەی 60 رۆژدا
بەرپرسە باڵاکان گوتیان، پرسی چاکسازیی ناوخۆیی و کوشتنی سڤیلەکان لە ئێران لە ریزبەندی سێیەمدایە لە چاو پرسی ئەتۆمی و پاراستنی سەقامگیری و راگرتنی پاڵپشتیی دارایی بۆ سەر تیرۆر. سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی ماوەی 60 رۆژی داهاتوو، ئەوان رایانگەیاند، هێرشەکان یەکسەر نابنە سفر، هاوکات بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە کاتی دەوێت تاوەکو هەمووان لە نێو ئێراندا ئاگاداری مەرجەکان بن.
دیاریکردنی باج لە تەنگەی هورمز و کاتی هاتووچۆی کەشتییەکان
لەبارەی پرسی سەرانەوە، بەرپرسەکان رایانگەیاند، لە یاداشتەکەدا بە روونی هاتووە کە تەنگەکە بۆ ماوەی 60 رۆژ بەبێ باج دەبێت و پێشبینی دەکەن لە رێککەوتنی کۆتاییشدا هەر وا بێت.
سەبارەت بە هاتووچۆی کەشتییەکان، پێشبینی دەکەن رێژەی کەشتییەکان بە خێرایی لە 25 کەشتییەوە بۆ 40 بۆ 50 کەشتی لە رۆژێکدا زیاد بکات و تاوەکو رۆژی هەینی هەموو شتێک بە تەواوی بکرێتەوە.
هێزی ئەرکی 59 لە بەحرێن لە رێگەی سێنتکۆمەوە کارئاسانی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەکات و ئەگەر پێویست بکات ئەمریکا خۆی یارمەتیی لادانی مینەکان دەدات چونکە بە تەواوی شوێنەکانیان دەزانێت.
بڕی پارەی ئازادکراوی ئێران چەندە؟
لەکۆتاییدا، کاتێک پرسیاری ئەوە کرا ئایا چەند لە پارە سڕکراوەکان ئازادکراون و باس لە 25 ملیار دۆلار دەکرێت، بەرپرسە باڵاکە بە کورتی و توندی وەڵامی دایەوە: "سفر. وەڵامەکە بە تەواوی سفرە." هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن ئەمریکا یان وڵاتانی دیکەوە ئازاد نەکراوە و هەموو هاوکاری و داراییەک بەندە بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانەوە.
ئەوان گوتیان، ئەگەر ئێران بیەوێت پێگەی ئابووریی خۆی چاک بکاتەوە دەبێت متمانە دروست بکات، ئەگەرنا هێزەکانی ئەمریکا ئامرازی زۆریان لەبەردەستدایە بۆ وشککردنی زیاتری ئابوورییەکەیان.

.jpg&w=3840&q=75)

