رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.7 پلە بە پێوەری رێختەر، بەشێک لە دوورگەی سولاویزی لە ناوەڕاستی ئیندۆنیزیا هەژاند.
دوای بوومەلەرزەکە، نزیکەی 400 هەزار کەس لە دانیشتووانی شاری پالۆ، لە پارێزگای سولاویزیی ناوەڕاست چوونە شوێنە کراوەکان و گۆڕەپانەکان و چەندین نەخۆشخانە وەک رێکارێکی خۆپارێزی، نەخۆشەکانیان گواستەوە.
وێنە بڵاوکراوەکان لە شوێنی رووداوەکە، وێرانبوونی بەشێک لە باڵەخانەکان، داڕمانی بنمیچ و درزبردنی دیوارەکان نیشان دەدەن. دەستەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان رایگەیاند، هێشتا سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارین لەسەر قەبارەی زیانەکان و قوربانییەکان (ئەگەر هەبن).
ئەفەندی ناتالی، بەڕێوەبەری یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری پالۆ دەڵێ، "هەموو گەشتیارەکانمان لە هۆتێلەکە بردووەتە دەرەوە. هەمووان حەپەساو و ترساون، ئەمە کاردانەوەیەکی سروشتییە لە کاتی بوومەلەرزەدا، بەڵام خۆشبەختانە هەمووان سەلامەتن."
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای جیۆلۆجیی ئەمریکا، چەقی بوومەلەرزەکە 43 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی باشووری پالۆ بووە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر روویداوە. دوای بوومەلەرزە بەهێزەکە، چەندین پاشلەرزەی دیکە روویان داوە کە بەهێزترینیان 5.2 پلە بووە.
هەرچەندە دەزگای کەشناسی و جیۆفیزیکی ئیندۆنیزیا رایگەیاندووە، مەترسیی تسۆنامی نییە، بەڵام خەڵکێکی زۆر لە ترسی دروستبوونی شەپۆلی بەهێز لە کەناراوەکان دوور کەوتوونەتەوە.
دانیشتووانی ناوچەکە هێشتا کارەساتی ساڵی 2018یان لە یادە، کاتێک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلە شارەکەی وێران کرد و بووە هۆی دروستبوونی تسۆنامییەک بە بەرزایی 3 مەتر و لەو رووداوەدا زیاتر لە چوار هەزار کەس گیانیان لەدەست دا.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
