رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا دەڵێ، رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رۆژی هەینی لە هاوینەهەواری (بۆرگنستۆک) واژۆ دەکرێت.
ئەم شوێنە دەکەوێتە نزیک شاری (لۆسێرن) لە نێوەڕاستی سویسرا و چاوەڕوان دەکرێت ئاسایشی تووندوتۆڵی تێدا بگیرێتەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 بڵاویکردەوە، هەڵبژاردنی ئەم شوێنە لەلایەن نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکان، هەروەها لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێرانیشەوە پێشنیاز کرا تاوەکو لە کەشێکی ئارام و پارێزراودا رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامی دانەوە.
بەپێی گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا، چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکە پێشتر بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لەلایەن دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە واژۆ کراوە.
دەقی رێککەوتنەکە بۆ رای گشتی بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش بواری بۆ لێکدانەوەی جیاواز سەبارەت بە نێوەڕۆکەکەی هێشتووەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)



