رووداو دیجیتاڵ
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا بەرپەرچی هێرشێکی درۆنیی "بەرفراوان"ـی ئۆکراینایان داوەتەوە، بەڵام چەند درۆنێک توانیویانە بگەنە پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوتی پایتەختەکە.
رۆژی پێنجشەممە 18-06-2026، سێرگی سۆبیانین لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی فراوان و توانیویانە 43 درۆنی ئۆکراینی لە شەودا تێکبشکێنن.
سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆ ئاماژەی بەوە کرد، چەند درۆنێک توانیویانە بگەنە پاڵاوگەی سەرەکیی نەوتی پایتەخت کە بە (MNPZ) ناسراوە و رایگەیاند، "رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکاندا،" بەبێ ئەوەی بە روونی زیانەکانی پاڵاوگەکە ئاشکرا بکات.
ئەم هێرشە نوێیە دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێرشێکی درۆنیی ئۆکراینی بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و زیانگەیاندن بە پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوت لە دەرەوەی مۆسکۆ، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا هەمان پاڵاوگە لە هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەدا کراوەتە ئامانج یان نا.
کیێڤ لە مانگەکانی دواییدا هێرشەکانی بۆ سەر ناوەندەکانی پاڵاوتن و هەناردەکردنی نەوتی رووسیا چڕکردووەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی داهاتە گرنگەکانی سووتەمەنیی مۆسکۆ کە پاڵپشتیی دارایی جەنگەکەی دەکەن، کە ئێستا لە پێنجەمین ساڵیدایە.
لەوەتەی جەنگی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2022ـدا دەستیپێکردووە، رووسیا بەردەوام و رۆژانە بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا، لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە پەکخرابوون.

.jpg&w=3840&q=75)

