رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، گۆڕینی رژێمەکان لە رێگەی بۆردوومانەوە بەدی نایەت و رەخنەی تووندیشی لە سیاسەتەکانی بنیامین نەتەنیاهوو گرت، جەختیشی کردەوە کە پاریس بەشدار نەبووە لە جەنگێک کە ئامانجەکانی روون نەبوون.
رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (فەرەنسا)ی فەرەنسی رایگەیاند، "تۆ ناتوانیت لە رێگەی بۆردوومانەوە رژێم بگۆڕیت. گۆڕینی رژێم پێش هەموو شتێک ئامانجێکە کە دەبێت گەلان خۆیان بەدەستی بهێنن؛ لانیکەم ئێمە بڕوامان بەوەیە."
سەرۆککۆماری فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕینی رژێم لە رێگەی سەربازییەوە پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینیی گەورە و جەنگی چەندین ساڵە هەیە. ماکرۆن نموونەی جەنگی ئەفغانستانی هێنایەوە و گوتی: "ئایا دوای زیاتر لە 10 ساڵ گۆڕینی رژێم لەوێ سەرکەوتوو بوو؟ نەخێر. بۆیە پێموایە پێویستمان بە بڕێکی زۆر لە سادەیی و روونبینی هەیە."
ماکرۆن رەخنەی تووندی ئاراستەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی، "پێموایە ئەمڕۆ نەتەنیاهوو سیاسەتێکی گونجاو و یەکگرتووی نییە. ئاسایشی ئیسرائیل ناتوانرێت لە رێگەی داگیرکردنی خاکی وڵاتانی دراوسێوە دابین بکرێت." لە هەمان کاتدا داوای لە نەتەنیاهوو کرد لە بەرامبەر دۆسیەی لوبناندا، هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و ژیرانە رەفتار بکات.
سەرۆککۆماری فەرەنسا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا رەفتاری بەرامبەر نەتەنیاهوو گۆڕیوە و گوتی، "تەنیا لەژێر ئەو مەرجەدا دەتوانرێت ئاشتی بونیاد بنرێت."
هۆکاری بەشدارنەبوونی فەرەنسا لە جەنگ
سەبارەت بە جەنگی ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد، ماکرۆن رایگەیاند، ئەمریکا بڕیاری دا ئەو جەنگە دەستپێبکات چونکە لە دانوستاندنەکان رازی نەبوو. ماکرۆن گوتی، "ئێمە لەو ساتەدا گوتمان: بەشداری لەم جەنگەدا ناکەین، چونکە هاوبەشی ئامانجەکان نین و ئامانجەکان بە لای ئێمەوە روون نەبوون."
دەربارەی گەرەنتییەکانی پەیوەست بە تەنگەی هورمز، ماکرۆن گوتی فەرەنسا هیچ گەرەنتییەکی بەدەست نەهێناوە، چونکە لایەنێک نییە لە رێککەوتنەکە، بەڵام ئاشکرای کرد، "ترەمپ دوێنێ پێیگوتم رێککەوتنەکە زۆر روونە؛ تەنگەکە دەکرێتەوە و هیچ باج و رسووماتێک وەرناگیرێت."
ئەم لێدوانانەی ماکرۆن لە کاتێکدا دێن کە سەرکردەکانی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا کۆبوونەتەوە و بڕیارە رۆژی هەینی، 19ی حوزەیران، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاشتی لەنێوان واشنتن و تاران لە شاری جنێڤ بە فەرمی واژۆ بکرێت، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە جەنگی 107 رۆژەی ناوچەکەیە.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)