رووداو دیجیتاڵ
27 سەرۆک و سەرکردەی یەکێتی ئەورووپا رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، لە برۆکسل لێکەوتەکانی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران لە پشت دەرگا داخراوەکاندا، شەن و کەو دەکەن. راوەستانی شەڕ بۆ یەکێتی ئەورووپا گرنگە، بەڵام وردەکاری رێککەوتنەکە، داهاتووی تەنگەی هورمز و پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران لە خاڵە پڕ مشتومڕەکانی نێوان سەرکردەکانی ئەورووپان بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران.
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لەسەر رێککەوتنەکە، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەم شێوەیە خستەڕوو: "بە گەرمی پێشوازی لەوە دەکەم کە سەرۆک ترەمپ دوێنێ لە پاریس رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە کە چەکەکان بێدەنگ دەبن و هەروەها دەرچوونی ئازادانە بەنێو تەنگەی هورمزدا جارێکی دیکە گەرەنتی دەکرێت. ئێمە لە حکومەتی ئەڵمانیا بە هێمنی گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەمە چ دەرفەتێکمان بۆ دەڕەخسێنێت تاوەکو لێرەدا یارمەتیدەر بین."
پێش و دوای شەڕ، یەکێتی ئەورووپا چەندین پاکێجی سزای بەسەر ئێراندا سەپاند. ئێستا کە شەڕ راوەستاوە، هەڵگرتن یان سووکردنی سزاکان، یەکێک لە مژارەکانی کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتی ئەورووپایە.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەو بارەوە دەڵێت: "مەرجی روونمان هەیە. سزای جیاوازمان بەسەر ئێراندا هەیە. واتە، ئەو سزایانەی پەیوەندییان بە پرۆگرامی ئەتۆمییەوە هەیە، بێگومان، ئەگەر بارودۆخ رێگە بدات، ئەگەر رێککەوتنێکی ئەتۆمی هەبێت، ئەو کاتە من دڵنیام وڵاتانی ئەندام لەسەر ئەمە گفتوگۆ دەکەن. هەروەها سزاکانی سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیش هەن، و دەبینین دۆخی مافی مرۆڤ لە هەموو کاتێک خراپترە. جگە لەمە، سزامان لەسەر رێگریکردن لە ئازادیی کەشتیوانیش هەیە. بۆیە کاتێک بارودۆخ رێگە بدات، بێگومان، وڵاتانی ئەندام گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا هەڵگرتنی سزاکان گونجاوە یان نا، بەڵام ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستە."
لە هەموو گرژی و شەڕێکدا، دۆخی نەتەوەکانی سنووری شەڕەکە، یەکێک لە نیگەرانییەکانی یەکێتی ئەورووپایە. کریستن میشێل، سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا لەسەر دۆخی نەتەوەکانی ناو ئێران رایگەیاند: "چەندین رێگە لەبەردەستی ئەورووپادایە بۆ ئەوەی مافی پێکهاتەکان لە ئێران گەرەنتی بکرێن. ئەورووپا بەگشتی خاوەنی کارتی دیپلۆماسی و هەروەها کارتی دەستگەیشتن بە بازاڕی ئەورووپا و کاڵا و شتی دیکەیە. بۆیە چەندین رێگە لەبەردەم ئەورووپادا هەن. لەوانەیە ئەورووپا هەندێکجار کەمێک خاو بێت، تەنانەت زۆر پێشبینیکراویش بێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەورووپا بازاڕێکی هەمیشەییە کە هەم مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت و هەمیش هاوبەشییەکی باش هەبێت. لەبەر ئەم هۆکارە، ئەورووپا لە بوارە جیاوازەکاندا کاریگەرییەکی گەورەی هەیە".
هەرچەند یەکێتی ئەورووپا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، دانەڕامانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵیی یەکێتییەکە، چاوی لە رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی بێ شەڕە، بەڵام هەوڵدەدات هاوسەنگییەکش بۆ پرسی مافەکانی مرۆڤ و دۆخی ژنان و ئازادی ئایینییەکان لە ناوچەکەدا بدۆزێتەوە.


