رووداو دیجیتاڵ
لە فێستیڤاڵی (بەلەمی ئەژدیها) لە باشووری رۆژئاوای چین، دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بینرا. ئەو رۆبۆتانەی لەسەر شێوەی مرۆڤ دروست کراون، شانبەشانی مرۆڤ بەشداریی پێشبڕکێکەیان کرد، سەوڵیان لێدا و تەنانەت خواردنی کولتووریشیان ئامادە کرد.
لە پارێزگای سیچوان، دوو رۆبۆتی مرۆڤئاسا لە جۆری تیانگۆنگ کە لە تاقیگەکانی پەکینەوە برابوون، لەگەڵ شەش گەنجی ناوچەکە چوونە نێو بەلەمێکی درێژ. ئەم رۆبۆتانە بۆ ماوەی دوو هەفتە مەشقیان پێکرابوو تاوەکو فێربن چۆن جووڵەکانیان لەگەڵ جووڵەی مرۆڤەکان رێکبخەن و پێکەوە سەوڵ لێبدەن.
رۆبۆتەکان لە سەرەتادا کەمێک سست بوون، بەڵام دوای چەند تاقیکردنەوەیەک فێری پاراستنی هاوسەنگی و بەکارهێنانی سەوڵی بەلەمەکە بوون. تەنانەت بۆ تاقیکردنەوەی هێزیان، کاتێک مرۆڤەکان دەستیان لە سەوڵ لێدان هەڵگرت، رۆبۆتەکان بە تەنیا توانییان بەلەمەکە بە هێمنی و بەردەوامی بەرەو پێش ببەن.
ئەم رۆبۆتانە تەنیا بەوەوە نەوەستان، بەڵکو بەشدارییان لە کوتانی برنج بۆ دروستکردنی شیرەمەنی و خواردنی کولتووریی چینی کرد. ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بوو بۆ توانای رۆبۆتەکان و چۆنیەتی کارکردنیان لەگەڵ ئاو و شێ، بێ ئەوەی زیانیان پێ بگات.
ئەندازیاران دەڵێن، ئامانجی ئەم کارانە ئەوەیە کە لە داهاتوودا رۆبۆتەکان بتوانن لەنێو ماڵ، چێشتخانە، گەرماو و شوێنە شێدارەکاندا بە شێوەیەکی سەلامەت و کارا هاوکاریی مرۆڤ بکەن.


