رووداو دیجیتاڵ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا چەند بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندیی گەشتیارانی فڕۆکە پەسند کرد، کە تێیدا چەندین ئاسانکاریی وەک بێبەرامبەربوونی جانتای دەستی، پێکەوە دانیشتنی ئەندامانی خێزان و قەرەبووکردنەوەی دواکەوتنی گەشتەکان لەخۆ دەگرێت. بڕیارەکان لە هاوینی ساڵی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێن. بەپێی بڕیارە نوێیەکان، کارمەندانی فڕۆکەخانە ئەرکە لەسەریان ئەندامانی یەک خێزان لەنێو فڕۆکە دا بخەنە تەنیشت یەکدی، بێ ئەوەی گەشتیارەکە ناچار بکرێت پارەی زیادە بدات. هەروەها بردنەژوورەوەی جانتای دەستی بۆ نێو فڕۆکە لە هەموو گەشتەکانی نێو یەکێتیی ئەورووپا دا دەبێتە بێبەرامبەر. لەبارەی دواکەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان، یاسا نوێیەکە مافی قەرەبووکردنەوەی بە گەشتیاران داوە. ئەگەر گەشتێک سێ کاژێر یان زیاتر دوا بکەوێت، گەشتیارەکە قەرەبوو دەکرێتەوە. بڕی قەرەبووەکەش بەپێی دووریی گەشتەکە دەگۆڕێت؛ بۆ گەشتی دەوروبەری 1500 کیلۆمەتر بڕی 250 یۆرۆ، بۆ 3500 کیلۆمەتر بڕی 400 یۆرۆ و بۆ سەرووی 3500 کیلۆمەتریش 600 یۆرۆ قەرەبوو دەدرێتە گەشتیار. هەروەها کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر گەشتێک لە دوایین ساتەکان دا، دەبێت بەلایەنی کەمەوە 96 کاژێر (چوار رۆژ) پێشتر گەشتیاران ئاگادار بکەنەوە و نابێت گەشتیار لە فڕۆکەخانە ئەو هەواڵەی پێ بدرێت. بەشێکی دیکەی بڕیارەکان پەیوەندیی بە هەڵەی نێو بلیتەوە هەیە؛ لەمەودوا ئەگەر گەشتیارێک لە کاتی کڕینی بلیت دا بە هەڵە ناوی خۆی نووسیبێت، کۆمپانیاکان بۆیان نییە داوای پارەی زیادە بۆ راستکردنەوەی ناوەکە بکەن. هاوکات لە هاوینی 2027ـەوە، بەپێی یاساکە ماف بە هونەرمەندان دەدرێت کە ئامێرە میوزیکییەکانیان لەگەڵ خۆیان ببنە نێو کابینەی فڕۆکە و چیتر ناچار نەبن لە رێگەی باری فڕۆکەکەوە (شەحن) بیاننێرن.
جیهان19-06-2026فەرەنسا و ئیسپانیا دژی ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوە دەوەستنەوە: "ئەمە ئەورووپای ئێمە نییە"