رووداو دیجیتاڵ
لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا، ئوسترالیا بەرپرسیارێتیی خۆی لە چارەسەرکردنی پەنابەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان رەت دەکاتەوە کە لە پاپوا گینیای نوێ تووشی نەخۆشییەکی سەخت بووە، لە کاتێکدا کۆمەڵێک لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی پەنابەران هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی تەندروستیی ئەو پەنابەرە کە ماوەی 13 ساڵە لە پاپوا گینیای نوێ دەستبەسەرە، بەڵام حکومەتی ئوسترالیا دەڵێت، ئەو کەسانە چیدیکە لەژێر بەرپرسیارێتیی ئەواندا نین و دەبێت پاپوا گینیای نوێ چارەسەریان بکات.
حاتەم یەکتا، گەنجێکی تەمەن 36 ساڵی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ساڵی 2013ـەوە کاتێک ویستی مافی پەنابەری لە ئوسترالیا وەربگرێت، لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە رەوانەی کەمپێکی دەستبەسەرکردن لە دوورگەی مانوس لە وڵاتی پاپوا گینیای نوێ کرا. لەو کاتەوە، کەسوکارەکەی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، تەندروستیی حاتەم زۆر خراپ بووە و ژیانی لە مەترسیدایە.
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆخی ئەم پەنابەرە کوردە، چەند پرسیارێکی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا کرد، کە ئایا بۆچی لە ماوەی 13 ساڵدا کێشەی ئەم پەنابەرەیان چارەسەر نەکردووە و چ هەنگاوێک دەنێن بۆ رزگارکردنی ژیانی؟
لە وەڵامی ئیمەیڵەکەی رووداودا، گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا گوتی: "حکومەتی پاپوا گینیای نوێ بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی ئەو کەسانەی کە هێشتا لەو وڵاتەدا ماونەتەوە و پێشتر لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی چارەسەرکردنی هەرێمیدا بوون."
گوتەبێژەکە جەختی لەوەش کردەوە کە: "حکومەتی ئوسترالیا هیچ رۆڵێکی نییە لە بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئەو کەسانەی لە پاپوا گینیای نوێ ماونەتەوە."
لە روونکردنەوە تایبەتەکەدا کە بۆ رووداو نێردراوە، وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا ئاماژەی بەوە کرد کە لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2021ـەوە، ئوسترالیا و پاپوا گینیای نوێ کۆتاییان بە رێککەوتنی نێوانیان هێناوە و لە 1ـی کانوونی دووەمی 2022ـەوە، حکومەتی پاپوا گینیای نوێ بەتەواوی و بە سەربەخۆیی بەرپرسیارێتیی ئەو پەنابەرانەی گرتووەتە ئەستۆ کە لە وڵاتەکەیدا ماونەتەوە.
رێکخراوێکی ئوسترالی بە ناوی (هاوپەیمانیی پەنابەران) دەڵێت، حاتەم یەکتا یەکێکە لەو 12 پەنابەرەی کە دوای زیاتر لە 10 ساڵ هێشتا لە پاپوا گینیای نوێ ماونەتەوە و بەهۆی مامەڵەی خراپ لە دوورگەی مانوس، تووشی کێشەی دەروونیی سەخت بووە.
ئیان رینتول، گوتەبێژی رێکخراوەکە بە میدیای ئوسترالیای راگەیاندووە، رەنگە حاتەم تەنیا چەند مانگێکی لە ژیاندا مابێت و "ئێستا زۆر روونە کاتێک سەیری دۆخی دەکەین، باری تەندروستیی بەشێوەیەکی خراپ تێکچووە... زۆر روونە کە حکومەتی پاپوا گینیای نوێ ناتوانێت ئەو دەرمان و پاڵپشتییە تەندروستی و دەروونییە دابین بکات کە حاتەم و پەنابەرەکانی دیکە پێویستیان پێیەتی."
حاتەم ئێستا لە شاری پۆرت مۆرسبیی پایتەختی پاپوا گینیای نوێیە. لە ساڵی 2019ـەوە خێزانەکەی هەوڵدەدەن لەرێگەی یاسای گواستنەوەی پزیشکیـەوە بیگوێزنەوە بۆ ئوسترالیا. ئەو یاسایە رێگەی بە پزیشکەکان دەدات ئەو پەنابەرانەی نەخۆشیی سەختیان هەیە لە کەمپە دەرەکییەکانەوە بنێرنە ئوسترالیا بۆ چارەسەر. بەڵام کاتێک پلانەکان بۆ گواستنەوەی حاتەم ئامادەکرابوون، لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا حکومەتی پارتی لیبراڵ بە سەرۆکایەتیی سکۆت مۆریسن ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە.
ئێستا گواستنەوەی هەر پەنابەرێک بۆ چارەسەر، تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆی ئوسترالیادایە. رینتول پێیوایە حکومەتی ئوسترالیا گوێی بە داواکارییەکانی حاتەم و پەنابەرەکانی دیکە نەداوە و دەڵێت: "ئەمە شکستێکی سیاسی و کارگێڕییە. ئێستا ئەوان رووبەڕووی پەنابەرێکی زۆر، زۆر نەخۆش بوونەتەوە کە بەردەوام رەتیانکردووەتەوە یارمەتیی بدەن، بۆیە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆیان."
ئێستا لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پیرانی ئوسترالیا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو بارودۆخە مێژووییەی کە لە کەمپەکانی دەرەوەی ئوسترالیا هەبووە و مامەڵەی تێدا لەگەڵ پەنابەراندا کراوە.



