رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، گفتوگۆی تەکنیکییەکان لە نێوان نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بورگێنشتاک لە سویسرا بەڕێوەدەچن. ئەمەش وەک بەدواداچوونێک بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد.
گفتوگۆکان لەکاتێکدا دەکرێن، کە ئێران ئەمڕۆ دووبارە تەنگەی هورمزی داخستەوە، وەک کاردانەوەیەک دژی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە باشوری لوبنان، کە ئەمەش پێشێلکردنی بڕگەی یەکەمی ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنە 14 خاڵییەیە لە نێوان تاران و واشنتن، بە نێوەندگیری پاکستان واژۆکراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی پاکستان کە رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026 بڵاویکردووەتەوە، جگە لە شاندەکانی واشنتن و تاران، نێوەندگیرەکان لە هەریەکە لە پاکستان و قەتەر بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکەن. ئیسلامئاباد جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە رۆڵی خۆی وەک نێوەندگیر بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لە چوارچێوەی یاداشتنامەی ئیسلامئاباد دا پێیان گەیشتوون.
ئەو کۆبوونەوە تەکنیکییەی سویسرا لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت. تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، یاداشتنامەیەکی 14 خاڵییان واژۆکرد بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە.
رێککەوتنەکە ماوەی 60 رۆژی وەک قۆناخی تەکنیکی دیاریکردووە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە گەورەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان و لادانی هەمیشەیی سزاکان.
گرێکوێرەی لوبنان و تەنگەی هورمز
سەرەڕای گەشبینییەکان بۆ سەرکەوتنی دانوستاندنەکانی سویسرا، بەڵام دۆخی مەیدانی دووبارە ئاڵۆز بووەتەوە. ئەمڕۆ شەممە، ئێران جارێکی دیکە داخستنی تەنگەی هورمزی راگەیاندەوە؛ تاران هۆکاری ئەم هەنگاوەی بۆ "پەیمانشکێنیی ئەمریکا" و "بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان" گەڕاندەوە.
ئێران جەخت دەکاتەوە کە بەپێی بەندی یەکەمی یاداشتنامەی ئیسلامئاباد، دەبێت ئاگربەست هەموو بەرەکان بگرێتەوە بە لوبنانیشەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا چڕتر کردووەتەوە. ئەمەش وایکردووە تیمی دانوستاندنکاری ئێران بە سەرکردایەتی محەممەد باقر قالیباف، هۆشداری بدەن کە ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت ئیسرائیل ناچار بە ئاگربەست بکات، پرۆسەی ئاشتی بێمانا دەبێت.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی سبەی لە سویسرا، لایەنەکان باس لە میکانیزمەکانی چاودێریی ئاگربەست، چۆنییەتی کردنەوەی هەمیشەیی تەنگەی هورمز و رێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ دەرکردنی مۆڵەتی هەناردەی نەوتی ئێران بکەن.


.jpg&w=3840&q=75)
