رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ململانێیەکی دیپلۆماسیی تووندی لەگەڵ جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەستپێکرد و تۆمەتباری کرد بەوەی چەندین جار لێی پاڕاوەتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە وێنە بگرن، ململانێکەشی بە گرژییەکانی پەیوەست بە ئێران و ناتۆوە بەستەوە. مێلۆنیش دەڵێ، ترەمپ دەیەوێ خۆی پێیەوە بەناوبانگ بکات.
ئەم کێشە دیپلۆماسییە درزێکی نائاسایی لەنێوان ترەمپ و یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی راستڕۆی ئەورووپادا دروستکردووە، کە پێشتر هەوڵیدابوو خۆی وەک پردێک لە نێوان واشنتن و کیشوەرەکەدا پیشان بدات لە کاتی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات.
سەرەتا ترەمپ بە تەلەڤزیۆنی ئیتاڵیی (La7)ی راگەیاندبوو، مێلۆنی لە لووتکەی ئەم هەفتەیەی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا "پاڕاوەتەوە" بۆ ئەوەی وێنەیەکی لەگەڵدا بگرێت، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی "بەزەیی پێیدا هاتووەتەوە" رازی بووە.
دوای ئەوەی مێلۆنی بە تووڕەییەوە بانگەشەکەی رەتکردەوە و بە "هەڵبەستراو" وەسفیکرد، ترەمپ لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ پێداگریی لەسەر قسەکانی کردەوە و گوتی، مێلۆنی لە لووتکەکەدا "چەندین جار و بەردەوام" داوای وێنەی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا مێلۆنیی تۆمەتبار کرد بەوەی، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن بە هۆکاری سیاسیی ناوخۆیی چاک بکاتەوە، دوای ئەوەی ئیتاڵیا نەیتوانی پشتیوانی لە هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران بکات. ترەمپ نووسی: "ئێستا، دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە رووی سەربازییەوە ئێرانی تێکشکاند، ئەو دەیەوێت دووبارە ببینە هاوڕێ بۆ ئەوەی 'ژمارەکانی بەرز بکاتەوە'. نەخێر سوپاس."
مەبەستی ترەمپ لە ژمارەکانی، پێگەی جەماوەریی مێلۆنییە.
ترەمپ رایگەیاند، مێلۆنی لە ئیتاڵیا دۆخی "خراپە" و ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە بە رەتکردنەوەی رێگەدان بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی "رێڕۆی فڕین یان نیشتنەوەی فڕۆکەکان"ـی ئیتاڵیا لە جەنگی ئێراندا بەستراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 20-06-2026 مێلۆنی لە ئێکس نووسی: "سەرۆک ترەمپ، ئەم هێرشە بەردەوام و بێ پاساوانە بێمانان. سەبارەت بە جەماوەریبوونی من، بێگومان هاوڕێبوونم لەگەڵتدا هیچ یارمەتیدەر نەبووە و بە پەیوەندیی نێوانمان بەند نییە. جەماوەریبوونی من بەندە بە توانام بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئیتاڵیا، ئەمەش بە تەواوی ئەو شتەیە کە هەمیشە کردوومە. ئەوە هەمان ئەو کارە بوو کە سەبارەت بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئیتاڵیا کردم. بەکارهێنانیان بە چەند رێککەوتنێکەوە بەندە کە هەمیشە رێزمان لێگرتوون، تاوەکو من سەرۆکوەزیران بم ناتوانرێت پێشێل بکرێن."
مێلۆنی لە کۆتاییدا نووسی: "ئیتاڵیا وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری دەمێنێتەوە. بەهەرحاڵ، جەماوەریبوونی من هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. پێشنیارت بۆ دەکەم سەرنج بخەیتە سەر جەماوەریبوونی خۆت."
ترەمپ پێشتر دووبارە گلەییە کۆنەکانی خۆی لەبارەی خەرجیی زۆری ئەمریکا بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی ناتۆ ورووژاندەوە و گوتی، واشنتن سەدان ملیار دۆلار بۆ بەرگریکردن لە ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکە خەرج دەکات.
ئەم لێدوانانە بوونە هۆی تووڕەییەکی زۆر لە رۆما. ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا سەردانەکەی بۆ ئەمریکا هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، قسە "سەخت و سووکایەتیپێکەرەکانی" ترەمپ بەرامبەر مێلۆنی "سووکایەتیکردنە بە تەواوی ئیتاڵیا."
بڕیار بوو تایانی لە 21 و 22ـی حوزەیراندا بۆ کۆنفرانسێکی بازرگانی لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشت بۆ مەیامی بکات، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکەی پشتڕاستکردەوە.
مێلۆنی، کە سەرکردایەتیی پارتی راستڕۆی (برایانی ئیتاڵیا) دەکات رایگەیاند، بە لێدوانەکانی پێشووی ترەمپ تووشی شۆک بووە.
مێلۆنی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی ئێکس گوتی: "نازانم بۆچی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەم شێوەیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆیدا رەفتار دەکا، جێگەی داخە کە ئەو لەگەڵ دووژمنانی رۆژئاوا، لەگەڵ دوژمنانی ئەمریکا هەمان سووربوون نیشان نادات. لەبری ئەوە زۆر زیاتر نەرمییان لەگەڵدا دەنوێنێت."
کارلۆ نۆردیۆ، وەزیری دادی ئیتاڵیا رایگەیاند، لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترەمپ "برینێکی بەسوێ" بوو بۆ پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و ئەمریکا، لە کاتێکدا گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا رایگەیاند، "ئەم جۆرە گاڵتانە سوود بە هیچ کەسێک ناگەیەنن."
ئەم ناکۆکییە لە کاتێکدایە، مێلۆنی بە پێچەوانەی زۆرێک لە سەرکردە ئەورووپییەکانەوە، وەبەرهێنانی زۆری لە دیپلۆماسیی خۆی لەگەڵ ترەمپ کردبوو و وەک هاوبەشێکی سرووشتیی ئەو دەبینرا لە کیشوەرەکەدا.
مێلۆنی لە کۆتایی لووتکەی ئیڤیان رایگەیاندبوو، کەشەکە "زۆر ئەرێنی" بووە و "هیچ گرژییەک" لە نێوان ترەمپ و سەرکردەکانی دیکەدا نەبووە، هەرچەندە دانی بەوەدا نا کە هەردووکیان "کەسایەتیی زۆر بەهێزیان" هەیە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە کاتی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێکچوو. پاپا لیۆی چواردەیەم چەند بۆچوونێکی دژەجەنگی خۆی راگەیاند و ترەمپ بە تووندی وەڵامی دایەوە، مێلۆنی پشتیوانیی لە پاپا کرد و ترەمپ تۆمەتباری کرد بەوەی، لە رێگەی ناتۆوە یارمەتیی ئەمریکای نەداوە.


.jpg&w=3840&q=75)
