رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی هەوڵە مەدەنییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی رزگاربووانی جێنۆسایدی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا، رێکخراوی پەناگەر رایدەگەیەنێت لە ساڵی 2023ـەوە، توانیویانە هاوکاریی نزیکەی 1,200 کوردی ئێزدی بکەن. رێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە کارەکانیان تەنیا لەسەر بنەمای خۆبەخشی و بەخشینە و هیچ هاوکارییەکی دارایی لە حکومەتی ئەڵمانیا وەرناگرن.
هاوکارییەکان؛ لە دادگاوە تاوەکو ژووری پزیشک
سینا نەوبەخت، ئەندامی باڵای رێکخراوی پەناگەر، لەبارەی جۆری هاوکارییەکانیان بە نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداوی راگەیاند: "پڕۆسەی هاوکاریی ئێمە درێژخایەنە. ئێمە داواکاریی زۆرمان لە خەڵکانی جیاوازەوە بۆ دێت و ئاراستەی سەنتەرە راوێژکارییەکانیان دەکەین. هاوکارییەکانمان زۆر فراوانن؛ خەڵک ئامادە دەکەین بۆ رێکارەکانی دادگا یان چاوپێکەوتنەکانی پەنابەری لە وەزارەتی کۆچ، هەندێکجار هاوەڵییان دەکەین بۆ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ فەرمانگەی نیشتەجێبوون، پزیشکەکان، پارێزەرەکان یان هەر دامەزراوەیەکی دیکە."
نەوبەخت ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان داکۆکی لە مافی ئەو پەنابەرانەش دەکەن کە لە کەمپەکانی کۆچبەران راگیراون و هاوکارییەکانیان بەپێی تەمەن، رەگەز و شوێنی نیشتەجێبوونی کەسەکە لە ئەڵمانیا دەگۆڕێت.
سندوقی هاوکاریی یاسایی و وەرگێڕان
هەروەها سۆنیا ئاخلیش، ئەندامی باڵای هەمان رێکخراو تیشکی خستە سەر ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستیانە و گوتی: "لەم دوو ساڵەی دواییدا دوو گرووپمان دروستکردووە؛ گرووپێکی وەرگێڕانی زمان و سندوقێکی هاوکاریی دارایی بۆ پرسە یاساییەکان. لە رێگەی ئەم سندوقەوە پارە بۆ راییکردنی کەیسەکانمان دابین دەکەین."
ئاخلیش ئاشکرای کرد، نیوەی ئەندامانی رێکخراوەکەیان خۆیان پێشتر ئەزموونی پەنابەرییان هەبووە. هەموو کارمەندەکان خۆبەخشانە کار دەکەن، چونکە هیچ بودجەیەکی دەوڵەتییان بۆ تەرخان نەکراوە.
سەنتەری سەرەکی و سنووری کارکردن
ناوەندی سەرەکیی رێکخراوی پەناگەر لە شاری ئۆڵدنبێرگە لە هەرێمی ساکسۆنیای خواروو لە باکووری رۆژئاوای ئەڵمانیا، بەڵام لە رێگەی تۆڕێکی سەرتاسەرییەوە لە ئەڵمانیا هاوکاریی خەڵک دەکەن.
سەبارەت بە سنووری کارکردنیان، سینا نەوبەخت رایگەیاند: "کارەکانی ئێمە تەنیا لە ناوخۆی ئەڵمانیایە و ناتوانین هاوکاریی ئەو کەسانە بکەین کە لە هەرێمی کوردستان دەژین. تەنیا یەک دۆسیەی شاز هەبووە؛ ئەویش کاتێک بوو کە یەکێک لە کەسێکمان لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکرایەوە بۆ بەغدا."
سۆنیا ئاخلیش باسی لەو کەیسە کرد و گوتی: "لە مانگی ئایاری رابردوودا پەنابەرێکی ئێزدی تەنیا بە 100 یۆرۆوە دیپۆرتی بەغدا کرایەوە، لە کاتێکدا خێزانەکەی لە کەمپەکان بوون. ئێمە توانیمان لەوێ هاوکاری بکەین تاوەکو گەیشتەوە دەست خێزانەکەی."
رێکخراوی پەناگەر جەخت دەکاتەوە، کە ئەگەر پەنابەرێک مۆڵەتی کارکردنی هەبێت و توانای رێکخراوەکەش رێگە بدات، هاوکارییان دەکەن لە دۆزینەوەی دەرفەتی کاردا، تاوەکو بتوانن بە تەواوی لەناو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا تێکەڵ ببن.


