رووداو دیجیتاڵ
لە 12ـەمین ساڵیادی جێنۆسایدی ئێزدییەکان، 'رێکخراوی هاوکاری ئێزدییەکان بکەن' لە هۆڵەندا رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا هاوکاریی نزیکەی هەزار کوردی ئێزدییان کردووە. رێکخراوەکە جگە لە هاوکارییە مرۆییەکان، پڕۆژەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبات بۆ سزادانی ئەو کۆمپانیا گەورە تەکنەلۆژیایانەی کە پلاتفۆرمەکانیان بۆ راکێشانی چەکدارانی داعش بەکارهاتووە.
نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداو، سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ وەهاب حەسۆ، هاودامەزرێنەری رێکخراوەکە و ئەلیاس بێکەس، بەڕێوەبەری بەش لە رێکخراوەکە ئەنجامدا.
دادپەروەری و لێپرسینەوە لە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا
وەهاب حەسۆ، هاودامەزرێنەری رێکخراوەکە تیشکی خستە سەر پڕۆژەیەکیان بە ناوی "کەمپەینی دادپەروەریی جینۆسایدی ئێزدییەکان" و بە نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداوی راگەیاند: "ئەمە پڕۆژەیەکی یاساییە و جەخت لەسەر رۆڵی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا دەکاتەوە لە جێنۆسایدی ئێزدییەکاندا. بۆ نموونە لە رێگەی ئێکس و فەیسبووکەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش راکێشراون و پلاتفۆرمەکانیان بەکارهێنراوە بۆ ئاسانکاریی جینۆساید."
حەسۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە هاوئاهەنگی نزیکدان لەگەڵ داواکاری گشتیی هۆڵەندا و ئاماژەی بە کەیسێکی سەرکەوتوو کرد تێیدا ژنێکی هۆڵەندی بەهۆی کۆیلەکردنی ئێزدییەکانەوە سزای نۆ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.
پڕۆژەی سامالپات و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی
ئەلیاس بێکەس، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکە، باسی لە پڕۆژەی سامالپات کرد کە تایبەتە بە هاوکاریی ئەو ئێزدییانەی دەگەنە هۆڵەندا و گوتی: "زۆربەی ئەو کەسانەی دەگەنە ئێرە تووشی زەبری دەروونی بوون و کەسیان نییە. ئێمە پڕۆژەیەکمان هەیە کە پەنابەرانی ئێزدی لەگەڵ هاووڵاتییانی رەسەنی هۆڵەندی کۆدەکەینەوە تاوەکو بەیەکەوە پیاسە بکەن، گفتوگۆ بکەن و خێراتر فێری زمان ببن."
بێکەس گوتیشی، هاوکارییەکانیان کاروباری بەڵگەنامە یاساییەکان و دابینکردنی پارێزەر و راوێژی یاسایی بۆ یەکخستنەوەی خێزانەکان دەگرێتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی بێکەس، تاوەکو ئێستا رێکخراوەکەیان هاوکاریی نزیکەی هەزار ئێزدی کردووە.
وەهاب حەسۆ جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانیان ئەوە بووە کە لە ساڵی 2021دا پەرلەمانی هۆڵەندا بە فەرمی تاوانەکانی داعشی وەک جێنۆساید ناساند. بەڵام رەخنەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت و گوتی: "جێگەی شەرمەزارییە کە تاوەکو ئێستا جگە لە عێراق، هیچ وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی جێنۆسایدی ئێزدییەکانی بە فەرمی نەناسیووە."
هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێکخراوەکە لە نزیکەوە لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکات. ئەلیاس بێکەس لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت بۆ راپۆرتکردنی ئەو کەمپەینانەی وتاری ڕق و کینە بڵاودەکەنەوە و هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگە. هەر کاتێکیش ئێزدییەک لە کوردستان پێویستی بە بەڵگەنامەی یاسایی یان هاوکاری هەبێت، لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەتی هەرێم هەماهەنگی دەکەین."
وەهاب حەسۆ هۆشداری دا کە ئەگەر لێپرسینەوە لەوانە نەکرێت کە هاوکاری جێنۆسایدەکەیان کردووە، ئەوا مەترسی دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە بۆ سەر گرووپەکانی دیکە بەردەوام دەبێت.


