رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک پاداشت بۆ هەر کەسێک تەرخان دەکات کە زانیاری لەسەر پێنج فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرا بکات. واشنتن ئەو فەرماندەیانە بە هێرشی چەکداری و سایبەری بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.
بەپێی راگەیێندراوەکەی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەریی وەزارەتەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئەم کەسایەتییانە سەرکردایەتیی ئەو یەکانەی سوپای پاسداران دەکەن کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ کارمەندانی ئەمریکایان بە هێرشی چەکداری کردووەتە ئامانج و هێرشی ئەلیکترۆنیی مەترسیداریان کردووەتە سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ئەو پێنج فەرماندەیەی کە ئەمریکا وێنە و ناوی بڵاوکردوونەتەوە بریتین لە:
ئەحمەد وەحیدی: فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران
عەلی عەبدوڵڵاهی: سوپاسالاری ئێران
سەعید ئاغاجانی: فەرماندەی یەکەی درۆنەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران
حەمیدرەزا لەشکریان: سەرۆکی فەرماندەیی ئەلیکترۆنی و سایبەریی پاسداران
مەجید خادمی: سەرۆکی فەرماندەیی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کەسانە سەرپەرشتی پلانداڕشتن و جێبەجێکردنی کارە تێکدەرانە و تیرۆریستییەکانی پاسداران لە سەرتاسەری جیهان دەکەن.
بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری داوا لە هاووڵاتییان دەکات هەر زانیارییەکیان لەسەر ئەم سەرکردانە یان لقەکانی ژێر دەسەڵاتیان هەبێت، بۆیان بنێرن.
ئەمریکا بەڵێنی داوە کە جگە لە خەڵاتە داراییەکە کە دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار، ئامادەیە "پاراستن و گواستنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت" بۆ ئەو کەسانە و خێزانەکانیان دابین بکات کە زانیارییەکان دەدەن.
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی ئیدارەی ئەمریکادایە بۆ بڕینی دەستی سوپای پاسداران لە ناوچەکە و پەکخستنی تواناکانی ئەو رێکخراوە لە بواری هێرشی درۆنی و سایبەریدا.


