رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆمەڵێک زانیاریی نوێ و هەستیاری لەبارەی تەندروستیی رێبەری ئێران و پێشهاتەکانی جەنگ ئاشکراکرد و رایگەیاند، واشنتن لە لێواری راگەیاندنی سەرکەوتنی کۆتاییدایە.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، سەرۆکی ئەمریکا لە پرۆگرامی گلێن بێک، کە لە رادیۆی ئەمریکا دەگوازرێتەوە دەنگۆی گیانلەدەستدانی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، موجتەبا هێشتا لەژیاندا ماوە.
ترەمپ گوتی، موجتەبا خامنەیی لە هێرشەکاندا "بەسەختی برینداربووە" و وردەکاریی برینەکانیشی خستەڕوو و گوتی: "برینەکانی لە بەشی چەپی جەستەیدایە، بەتایبەتی لە دەست و قاچیدا."
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردەسەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وەڵامیدانەوە. رۆژی دەستپێکی جەنگەکە، واشنتن و تەلئەڤیڤ هێرشیانکردەسەر شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە تاران و کوشتیان، بەگوێرەی گوتەکانی ترەمپ، لە هەمان بۆردووماندا موجتەباش برینداربووە.
کردنەوەی تەنگەی هورمز و جووڵەی نەوت
سەبارەت بە بارودۆخی تەنگەی هورمز، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە تەواوی مینە دەریاییەکان لابدەن و ئێستا تەنگەکە بەڕووی کەشتیوانیدا کراوەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا بڕێکی زۆر نەوت بە تەنگەکەدا دەگوازرێتەوە، هەرچەندە دانی بەوەدانا کە هێشتا مەترسییەکان ماون و گوتی: "ناوەناوە هێرشی درۆنی و مووشەکی لە ناوچەکەدا دەکرێن."
رۆژی 2ـی ئادار، ئێران لە کاردانەوەی جەنگەکەدا تەنگەی هورمزی بەڕووی کەشتییەکاندا داخست. بەگوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، پێش جەنگ رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو تەنگەیەدا هەناردە دەکرا، بەڵام لەدوای داخستنییەوە بە تێکڕا بۆ ملیۆنێک بەرمیل نەوت دابەزی.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئەمریکا لە دەستپێکی جەنگەکەوە توانیویەتی بەتەواوی بەسەر ئێراندا زاڵبێت و هێزەکانی تاران لە دۆخێکی لاوازدان." لە کۆتاییدا مژدەی ئەوەیدا کە ئیدارەکەی بەنیازە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا "سەرکەوتنێکی گەورە و یەکلاکەرەوە" بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا رابگەیەنێت.


