رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای پارەوە زیاتر لە 300 کەسیان دەستگیرکردووە کە تاوانی رێکخراو و پەیوەندیدار بە کۆچیان کردووە.
ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە بەریتانیا، ئەمڕۆ شەممە 29-8-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە کە لە ساڵی دارایی 2025/2026دا ئاژانسی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی تاوان بەشدار بووە لە دەستگیرکردنی 300 کەس لە بەریتانیا و دەرەوە، کە بەشداربوون لە سەرپێچییەکانی پەیوەندیدار بە تاوانی رێکخراوی کۆچبەری، کە ئەمەش زیادبوونێکی نزیکەی 55٪ نیشان دەدات بەراورد بە ساڵی دارایی پێشتر".
ساڵی دارایی لە بەریتانیا لە 1ی نیسانەوە دەستپێدەکات بۆ 31ی ئاداری ساڵی دواتر.
حکومەتی بەریتانیا لەژێر گوشارێکی بەرزی نێوخۆییدایە بۆ رێگری لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی. وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ ئەو گوشارانە، لەندەن ژمارەیەک رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتان کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی کۆچبەران دەگەیەننە ئەو وڵاتە. بەریتانیا رێککەوتنی لەو جۆرەی لەگەڵ فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردووە.
ئاژانسەکە سەبارەت بە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی: "سەبارەت بە رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە پەیوەندی و هاوئاهەنگێکی ئەرێنی و بەردەواممان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە دەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە."
28ی تشرینی دووەمی 2024، کۆنسووڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئیڤێت کوپەر، وەزیری ئەو کاتی ناوخۆی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان، دیداری لە ئاستی باڵا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەسەر بەهێزکردنی کاری هاوبەشە بنەڕەتییەکانیان وەک تاوانی رێکخراوەیی جیدی و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان رێککەوتن؛ بە هەمان شێوەش رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی هەڵمەتی پتەوتر لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو زانیارییە هەڵانەی کە قاچاخچییەکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاویان دەکەنەوە.
ئەو کات بەریتانیا رەزامەندیی دەربڕی لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەیەکی ئاسایشی سنووری هەرێمی کوردستان. وەزیری ناوخۆی ئەو کاتی بەریتانیا گوتی: "دەمەوێ سوپاسی ئەم میواندارییە بکەم، ئەمە هاوبەشییەکی نوێی گرنگە لە نێوان حکومەتی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان بۆ بنیاتنانی ئاسایش و سەلامەتی خەڵک."


