رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی سوێد رایگەیاند، ماگدالینا ئەندەرسن، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی سوێدی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد. ماگدالینا سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی وڵاتەکەیە و لە هەڵبژاردنی رۆژی 13ی ئەیلوولدا زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەیان بردەوە.
رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، ئەندریاس نۆرلین، سەرۆکی پەرلەمانی سوێد رایگەیاند، ماگدالینا ئەندەرسن، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد. هاوکات، ئەندەرسن سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی سوێدیشە.
ئەندرسن کە لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2022 یەکەمین ژن بوو لە مێژووی سوێددا پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت، ئێستا رووبەڕووی ئەرکێکی سەخت دەبێتەوە بۆ یەکخستنی فراکسیۆنە چەپەکان کە بەهۆی ناکۆکییە ئایدۆلۆژییەکانەوە دابەشبوون.
ئەندەرسن تەمەن 59 ساڵ لە پۆستێکدا لە ئینستاگرام رایگەیاند: "ئەمە ئەرکێکە بە کەمترین خۆبەزلزانی و بەوپەڕی خاکەڕاییەوە وەریئەگرم و بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە هەنگاو دەنێم بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی نوێ. دەمەوێت سەرکردایەتیی حکومەتێک بکەم کە ئەو ئاراستە نوێیە بەدیبهێنێت خەڵکی سوێد دەنگیان بۆ داوە؛ ئاراستەیەک سوێد بەرەو پێشەوە ببات و وڵاتەکەمان بە یەکگرتوویی بهێڵێتەوە."
چاوەڕوان دەکرێت ئەندەرسن هەوڵی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ سێ پارتەکەی دیکەی بەرەی چەپ بدات، کە بریتین لە پارتی چەپی سۆسیالیست، پارتی نێوەڕاستی لیبڕاڵ و پارتی سەوزەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، پارتی نێوەڕاست رایگەیاندووە دژی هەر حکومەتێکە کە پۆستی وەزاری بداتە پارتی چەپ، لە کاتێکدا پارتی چەپیش جەخت دەکاتەوە تەنیا پشتیوانی لە حکومەتێک دەکات کە خۆی بەشداربێت تێیدا.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی رۆژی یەکشەممەدا، چوار پارتەکەی چەپ توانییان زۆرینەیەکی کەم بە جیاوازیی تەنیا سێ کورسی لە کۆی 349 کورسیی پەرلەمان لە بەرامبەر هاوپەیمانیی راستڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر بەدەستبهێنن.
ئەندریاس نۆرلین، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندووە کە ئەندەرسن دەبێت لە 28ی ئەیلوول راپۆرتی بەرەوپێشچوونی هەوڵەکانی پێشکەش بکات، لە هەمان رۆژدا پەرلەمانی نوێ بۆ یەکەمین جار کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.
ئەگەر ئەندەرسن لە دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک سەرکەوتوو نەبێت، کریستەرسۆن چاوەڕوانە تاوەکو هەوڵی دروستکردنی زۆرینەی خۆی بدات؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە سوێد زۆر جار کاتێکی زۆری پێویستە، بە جۆرێک دوای هەڵبژاردنی 2022 ماوەی 37 رۆژ و لە هەڵبژاردنی 2018ـشدا 134 رۆژی خایاند تاوەکو حکومەت پێکهات.


