رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پرسی سەرەکیی واشنتن لەگەڵ تاران ئەوەیە کە نابێت ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، گوتیشی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا دەرگای رێککەوتنی لەگەڵ ئێران دانەخستووە.
رۆژی چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی دانوستاندنەکان و پرسی تەنگەی هورمز لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێیان لەگەڵ شاندی ئێرانی کرد و گوتی: "ئێران هەرگیز ناتوانێت چەکی ناوەکیی هەبێت. هەموو شتێک لەوەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێمە تێدەگەین تەنگەکە پرسێکی گرنگە. هێڵی باشووری تەنگەکە کراوەیە و رۆژانە بەرمیلە نەوتی زیاتر لەوێوە تێدەپەڕێت بەهۆی هەوڵەکانی سوپای ئەمریکاوە لە بەرگریکردن و پووچەڵکردنەوەی مینەکان."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، ئێران وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکان تەنگەی هورمزی داخست. رۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگ بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلار بوو، بەڵام لەو کاتەوە لەنێوان 80 بۆ 120 دۆلار بووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز کرد و گوتی: "تەنیا گەمارۆ لە تەنگەی هورمزدا ئەوەیە کە ئێمە بەسەر ئێرانماندا سەپاندووە، چونکە بەردەوام تەقە لە کەشتییەکان دەکەن و هەتا ئەم بەیانییەش هێرش هەبووە. بۆیە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن و کراوە هێشتنەوەی تەنگەکە."
سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن، روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، "کارێکی لەو شێوەیە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا ناکرێت و پێویستی بە ماندووبوون و کات و نێوەندگیرەکان دەبێت"؛ گوتیشی: "سەرۆک هێشتا تاوەکو ئەم ساتەش ئامادەیە بۆ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا کە رێگە بەو وڵاتە بدات ببێتە وڵاتێکی مەزن و گەشەسەندوو."
بە گوێرەی بەرپرسانی تاران و واشنتن دی سی، راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان، پرسی ئەتۆم و تەنگەی هورمز دیارترین ئاڵەنگارییەکانی بەردەم گەیشتنی هەردوولان بە رێککەوتن.


