رووداو دیجیتاڵ
گێژاوی کۆچ لە ئەورووپا چووەتە قۆناغێکی نوێوە و شاری میونشنی ئەڵمانیا میوانداریی دووەمین لووتکەی تایبەت بە پرسی کۆچی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆی 17 وڵاتی ئەورووپی و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا بەشداربوون بۆ توندوتۆڵکردنی سیاسەتە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی هاوبەشی کۆچ.
ئامانجی سەرەکیی لووتکەکە، خێراکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی «پەیمانی نوێی کۆچ و پەنابەرێتی»ـیە لە یەکێتیی ئەورووپا، کە جەخت لەسەر سێ خاڵی سەرەکی دەکاتەوە: توندکردنەوەی سنوورەکان، خێراکردنی دیپۆرتکردنەوە و ئاسانکاری بۆ گەڕاندنەوەی خێرای ئەو کەسانەی مەرجەکانی مافی پەنابەرێتییان تێدا نییە.
جیم ئۆکالاهان، نوێنەری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، بە رووداوی رایگەیاند: "پابەندبوونێکی راستەقینە لەناو یەکێتیی ئەورووپادا هەیە بۆ پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانمان. یەکدەنگییەک لە نێوان ئامادەبوواندا هەبوو لەسەر ئەوەی کە دەمانەوێت سنوورەکانمان پارێزراو بن."
بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێن، گۆڕانی سیاسەتی کۆچ لە ئەورووپا کاریگەریی خۆی هەبووە و ئامارەکان روویان لە دابەزین کردووە.
ماگنوس برونەر، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ پرسی کۆچ و ناوخۆ، بۆ رووداو گوتی: "کۆچی نایاسایی 55% کەم بووەتەوە. پرۆسەی گەڕاندنەوەی پەنابەران بە شێوەیەکی زۆر باشتر بەڕێوەدەچێت. دەبێت بە هەموو هێزێکەوە کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ رابگرین، لە هەمان کاتیشدا دەرفەت و رێی یاسایی بڕەخسێنین بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بە شێوەی یاسایی بێنە ئەورووپا بۆ بازاڕی کار؛ چونکە ئەوەمان پێویستە."
هاوکات، وڵاتانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا، یۆنان، نەمسا و دانیمارک داوای جێبەجێکردنی پرۆژەی (Return hubs) دەکەن بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی سێیەم، کە یەکێک لەو وڵاتانەی یەکێتیی ئەورووپا گفتوگۆی لەگەڵ دەکات، رواندایە.

