رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرایەتیی ئەورووپای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە راگەیێندراوێکدا داوا لە رەوەندی کوردیی وڵاتانی ئەورووپا دەکات، بەشداری لەو خۆپێشاندانانەدا نەکەن کە بڕیارە لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەبچن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، نوێنەرایەتیی ئەورووپای ئەنەکەسە، سەبارەت بەو خۆپیشاندانانەی بڕیارە رۆژی 31ـی تشرینی یەکەم لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی ئەورووپایی بەڕێوەبچێت، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. داوا لە رەوەندی کوردی دەکات بەشداریی خۆپیشاندانەکان نەکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەنەکەسە دەڵێت، هۆشیار و بەرپرسیار بن، بەرژەوەندیی گشتیی بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەکان و یەکڕیزیی کوردی بپارێزن، بەشێوەیەک کە خزمەت بە دۆزی رەوای نەتەوەکەمان و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات بکات.
دەقی راگەیێندراوەکە:
بۆ کچ و کوڕانی رەوەندی کوردمان لە ئەورووپا:
نوێنەرایەتیی ئەورووپای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، داوا لە کچ و کوڕانی رەوەندی کوردمان دەکات بەشداری لەو خۆپێشاندانانەدا نەکەن کە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسیی ئەورووپاییەوە بانگەوازیان بۆ کراوە و بڕیارە لە رۆژی 31-10-2026 لە ئەڵمانیا و دواتریش لەوانەیە لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپادا بەڕێوەبچن. ئەمەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی رەوەندەکەمان و دوورکەوتنەوە لە هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی لەسەر بارودۆخی گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات.
ئێمە ئەو ئاسایش و سەقامگیری و هەلیکار و خوێندن و ئازادی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتوورییە بەرز دەنرخێنین کە وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەتی ئەڵمانیا، پێشکێشی گەلەکەمانیان کردووە. هەروەها جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و پتەوکردنی پەیوەندییە ئەرێنییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگە ئەوروپاییەکان دەکەینەوە.
لەم سۆنگەیەوە، داوا لە رەوەندی کوردمان دەکەین هۆشیار و بەرپرسیار بن، بەرژەوەندیی گشتیی بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەکان و یەکڕیزیی کوردی بپارێزن، بەشێوەیەک کە خزمەت بە دۆزی رەوای نەتەوەکەمان و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات بکات.
نوێنەرایەتیی ئەورووپای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا


