رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا هەڕەشەی تووند لە تاران دەکات و دەڵێت، لەبەردەم بڕیارێکی یەکلاکەرەوەدایە کە ئایا لەگەڵ ئێراندا رێبکەوێت یان بە تەواوی کۆتایی پێبهێنێت. گوتیشی، تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئەمریکادایە و لە رێگەی تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمانەوە بە وردی چاودێریی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 25-10-2026 ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئێران پێشتر هەرگیز رووبەڕووی لێدانی هێندە قورس نەبووەتەوە. ترەمپ گوتی: "ئێستا تەنیا یەک پرسیار لە ئارادایە؛ ئایا لەگەڵیاندا رێککەوتن بکەم، یان بە یەکجاری کۆتاییان پێبهێنم؟ ئەمە تاکە پرسیارە لە مێشکمدا: ئایا رێککەوتن بکەم، یان کۆتاییان پێبهێنم؟".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لە هێرشەکانی سەردەمی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا ناچێت: "ئەمە هێرشێکی وەک سەردەمی جیمی کارتەر یان باراک ئۆباما نییە، ئەمە هێرشێکی راستەقینەیە و ئێمە یاری ناکەین. بۆیە دەبێت بڕیارێک بدەم: ئایا کارەکە تەواو بکەم و کۆتاییان پێبهێنم، کە کارێکی یەکجار ئاسانە بۆ کردن، یان لەگەڵیاندا رێکبکەوم؟".
ترەمپ هەروەها دەستبەسەرداگرتنی رێڕۆ ئاوییە هەستیارەکەی ناوچەکەی راگەیاند و گوتی: "لەبیرتان بێت، ئێستا ئێمە بە تەواوی کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزمان کردووە".
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی تاران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان هیچ جووڵەیەکی گەورە لە دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان ناکەن و واشنتن لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخەکە دەکات.
ترەمپ باسی لە توانای هێزی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا کرد و گوتی: "ئێمە لە بۆشایی ئاسمانەوە دەتوانین تەنانەت باجی سەر کراسی کەسێکیش بخوێنینەوە؛ بۆیە بە تەواوی دەزانین لە چیای قوڵنگ چی روودەدات، هەروەها دەزانین کە سێ شوێنەکەی دیکە بە تەواوی خاپوور کراون".
پێشتریش لە لێدوانێکدا لە ویلایەتی فلۆریدا، ترەمپ گوتبووی، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە رێگریی هەمیشەیی لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکرێت. ترەمپ روونیکردەوە: "دەکرا ساڵێک لەمەوبەر لە رێگەی بۆمبهاوێژەکانی B-2ـەوە لێیان بدەین و بڕۆین، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو دوای ساڵێک یان دوو ساڵ دەیانتوانی دووبارە بیر لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بکەنەوە؛ بۆیە دەبێت کارەکە هەمیشەیی و بنبڕ بێت".
لە لێدوانەکانی رۆژی شەممەشی لە فلۆریدا لە کاتی دەنگدانی پێشوەختەی هەڵبژاردنی کۆنگرێس، ترەمپ هەڕەشەی هێرشی راستەوخۆی کردبوو و گوتبووی: "بیر لە هێرش بۆ سەر ئێران دەکەینەوە و رەنگە سبەی رووبدات، بەڵام بێگومان کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە ئاشکرا ناکەم. ئەگەرێک هەیە هێرش بکەین، ئەگەرێکی دیکەش ئەوەیە رێککەوتنێکی گەورە و باش بکەین. زۆر بە کاریگەری مامەڵەم لەگەڵ پرسەکەدا کردووە؛ یاخود ئەرکەکە بە یەکجاری تەواو دەکەم یان ئەوان رێککەوتن دەکەن، بەڵام لە هەردوو بارەکەدا ئێمە براوەین".
ترەمپ ستایشی سوپای وڵاتەکەی کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد، هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا زەبرێکی کوشندەیان لە ژێرخانی سەربازیی ئێران داوە: "هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی بۆ ئێران نەماوەتەوە؛ هەر 259 فڕۆکە جەنگییەکەیان تێکشکێندراون و بوونەتە پارچەی بچووک؛ هەروەها هەموو کەشتییەکانیان نوقم کراون و 259 کەشتییان ئێستا لە بنی دەریادان و رادارەکانیشیان لە کار خراون".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ سەرکردایەتیی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە مێژوویەکی درێژیان لە دژایەتیکردنی ئەمریکا هەیە و گوتی: "ئەوان سەرکردایەتییەکی زۆر خراپن؛ 75 هەزار خۆپێشاندەری خۆیان کوشتووە و لە رابردووشدا دەستیان لە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و سەربازانی ئەمریکیدا هەبووە".
