رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کادیلاک بە بۆنەی یادی 125 ساڵەی دامەزراندنیەوە، مۆدێلێکی تایبەت و دەگمەنی لە ئۆتۆمبێلی ئێسکەلەید ڤی 2027 بەناوی کۆمەڵەی کۆکەرەوەکان (Collector Series) بە نرخی نزیکەی 239 هەزار دۆلار ئاشکرا کرد؛ نرخێک کە دەیکاتە یەکێک لە گرانترین ئەو ئۆتۆمبێلانەی تاوەکو ئێستا کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز بەرهەمی هێنابێت.
پەردەلادان لەسەر ئەم ئۆتۆمبێلە لە شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساس و پێش دەستپێکردنی پێشبڕکێی گەورەی فۆرمولا یەکی ئەمریکا کرا. بڕیارە جەنەراڵ مۆتۆرز تەنیا 252 دانە لەم مۆدێلە لە سەرانسەری جیهاندا دروستبکات؛ نیوەیان بە رەنگی بەردی تۆخی مات (Midnight Stone Frost) و 126 دانەکەی دیکەشیان بە رەنگی سپی بەرهەمدەهێندرێن. هەروەها هەر ئۆتۆمبێلێک بە یەکێک لە ساڵەکانی مێژووی کادیلاک لە نێوان ساڵانی 1902 بۆ 2027 ناوزەد دەکرێت و کڕیارانیش دەتوانن ژمارەی ناسنامەی ئۆتۆمبێلەکە (ژمارەی شاسی) و ژمارەی زنجیرەییەکەی (سیریاڵ) بەپێی ئارەزووی خۆیان هەڵبژێرن.
کریستیان ئاکویلینا، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای کادیلاک لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەم مۆدێلە تایبەتە لە دیزاینە ناوازەکەیەوە تاوەکو سنوورداریی ژمارەی بەرهەمهێنانی، دەرفەتێکی جیاواز دەداتە کۆکەرەوەکانی ئۆتۆمبێل تاوەکو لە پاڵ رووانین بەرەو داهاتوو، یادی مێژوو و میراتی کادیلاک بکەنەوە".
لە دیزاینی دەرەوەیدا، ئۆتۆمبێلەکە تایەی گەورەی 24 ئینجیی هەیە، هەروەها دەوروبەری تۆڕی پێشەوە [چەمبەر]، ئاوێنەکان، بەشی خوارەوەی دواوە و سەرپۆشی بزوێنەرەکەی لە ماددەی کاربۆن فایبەر دروستکراون.
لە ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەشدا، رەنگی شینی سانتۆرینی (Santorini Blue) بەکارهاتووە کە لە رەنگی ئۆتۆمبێلە پێشبڕکێکانی زنجیرەی (V-Series)ـەوە وەرگیراوە، کە لە قایشی سەلامەتی، تەلی دوورینی کوشنەکان و تەنانەت لە سویچی ئۆتۆمبێلەکەشدا رەنگی داوەتەوە.
کۆمپانیای کادیلاک لە ساڵی 1902 لە شاری دیترۆیت دامەزراوە و بە یەکێک لە کۆنترین براندەکانی بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا دادەنرێت.
مۆدێلی ئێسکەلەید رۆڵێکی سەرەکی لە فرۆش و بەدەستهێنانی قازانجی کۆمپانیاکە لە ئەمریکادا دەگێڕێت؛ بەپێی ئامارەکان، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا (تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول) 34,360 ئۆتۆمبێلی ئێسکەلەید لە ئەمریکا فرۆشراون کە نزیکەی سێیەکی کۆی گشتیی فرۆشی کادیلاک پێکدەهێنێت.

.jpg&w=3840&q=75)
