رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە 27-10-2026، ئیسرائیلییەکان لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد، بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی سیاسیی بنیامین نەتەنیاهوو و هەڵسەنگاندنی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان.
ئەم دەنگدانە لە سایەی سێ ساڵ جەنگی فرەبەرەی ناوچەییدا بەڕێوەدەچێت کە لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە سەریهەڵدا؛ لە کاتێکدا کاریگەرییە قووڵەکانی ئەو هێرشە هێشتا بەسەر ئیسرائیلییەکانەوە دیارە و پرسی لێپرسینەوە و دابینکردنی ئاسایش بوونەتە تەوەری سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردن.
ئەم هەڵبژاردنە کێبڕکێ ئامێزە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل بەهۆی جەنگی وێرانکەری لە کەرتی غەززە، گواستنەوەی جووە هاوردەکان و تووندوتیژی لە کەرتی رۆژئاوا، لە پاڵ باڵادەستبوونی رەوتی ناسیۆنالیزمی ئایینیی تووندڕۆ، زیاتر لە جاران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گۆشەگیر بووە. دوایین راپرسییەکان دەریدەخەن نەتەنیاهوو، لە کێبڕکێیەکی زۆر تووند و هاوسەنگدایە لەگەڵ گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشوو.
نزیکەی 7.3 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەنێویاندا زیاتر لە نیو ملیۆن گەنج بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن، کە راپرسییەکان دەریدەخەن زۆربەیان دەنگ بە باڵی راستڕۆ یان میانڕۆ دەدەن؛ هاوکات دەیان هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیلیش لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە تاوەکو لەم دەنگدانەدا بەشدار بن کە بە وەرچەرخانێک بۆ دیاریکردنی ناسنامەی داهاتووی ئیسرائیل دادەنرێت.
نەتەنیاهووی تەمەن 77 ساڵ کە زیاتر لە 19 ساڵە بە شێوەی پچڕپچڕ لە دەسەڵاتدایە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا جەختی لەسەر شارەزایی و توانای ئەمنیی خۆی کردووەتەوە و پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەکارهێناوە و دەڵێ، تەنیا ئەو دەتوانێت ئاسایشی ئیسرائیل بپارێزێت. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، نەتەنیاهوو سەرپەرشتیی چەندین جەنگی کردووە کە بووەتە هۆی وێرانکردنی کەرتی غەززە، کۆنترۆڵکردنی باشووری لوبنان و بۆ یەکەمجاریش بە هاوکاریی واشنتن لێدانی گورزی سەربازی لە ئێران.
لە بەرامبەردا، ئۆپۆزیسیۆن نەتەنیاهوو بەوە تۆمەتبار دەکات کە خۆی لە بەرپرسیارێتیی شکستی ئەمنیی 7ـی ئۆکتۆبەر دەدزێتەوە. گادی ئایزنکۆتی تەمەن 66 ساڵ، کە سەرکردایەتیی بەرەی (یاشار) دەکات و پارتەکانی راستڕۆ تاوەکو چەپی میانڕۆی لەخۆگرتووە بۆ دوورخستنەوەی نەتەنیاهوو، بەڵێنیداوە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ لەو رووداوە بکات؛ هاوکات ئایزنکۆت رایگەیاندووە رێگری لە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین دەکات و پاڵپشتی لە جووە هاوردەکان دەکات، بەڵام بە تووندی رووبەڕووی تووندوتیژیی کەرتی رۆژئاوا و هاوردەکان دەبێتەوە.
بنکەکانی دەنگدان تاوەکو کاژێر 10:00ـی شەو کراوە دەبن [هەمان کاتی هەولێر]. لە کۆی 120 کورسییەکەی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، پێویستە براوەی هەڵبژاردن 61 کورسی بۆ پێکهێنانی حکومەت مسۆگەر بکات، بەڵام بەدوور دەزانرێت هیچ لایەنێک بە تەنیا ئەو ژمارەیە بەدەستبهێنێت. هاوکات نە نەتەنیاهوو و نە ئایزنکۆت ئامادەیی خۆیان بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان رانەگەیاندووە، کە نوێنەرایەتیی 21٪ـی دانیشتووان دەکەن و دەکرێت لە دانوستاندنەکاندا رۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕن.



