رووداو دیجیتاڵ
تەشەنەسەندنی پەتای ئیبۆلا لە ئەفریقا 10 هەزار تووشبووی تێپەڕاند کە زۆربەیان لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆن. تەندروستیی ئەو وڵاتە دەڵێ، لەم شەپۆلە نوێیەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بە کوشندەترین شەپۆلی پەتاکە لە مێژووی وڵاتەکە دادەندرێ.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆنگۆ، لە مانگی ئایاری ئەم ساڵەوە کە ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار لە پارێزگای ئیتووری لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەستنیشانکرا، 10 هەزار و 60 کەس تووش بوون و چوار هەزار و 887 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی گشتیی کۆنگۆ ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەرچی دوو هەزار و 684 کەس چاکبوونەتەوە، بەڵام مردن بە پەتاکە گەیشتووەتە نزیکەی 50٪.
پەتاکە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە هەشت پارێزگا. زۆربەی تووشبووان لە پارێزگاکانی ئیتووری و باکووری کیڤوون.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا کە ئەفریقا لەبەردەم ئەرکێکی "ئاڵۆز"دایە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە، بەوپێیەی پەتاکە لە رۆژهەڵات، رۆژئاوا و ناوەندی کیشوەرەکە بڵاوبووەتەوە.
لە کینیا نۆ تووشبوو دەستنیشانکراون و دووانیان گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان سەردانی کۆنگۆیان کردبوو. هاوکات ژنێکی 42 ساڵەی سویسری دوای گەشتێکی بۆ ئۆگەندا تووشی ڤایرۆسەکە بوو و بە فڕۆکە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری جنێڤ گوازرایەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆگەندا لە کۆتایی مانگی ئابدا دوای تۆمارکردنی 20 تووشبوو و دوو مردن، بە فەرمی نەمانی پەتاکەی لە وڵاتەکەی راگەیاند.
نەبوونی ڤاکسین و هێرشکردنە سەر کارمەندانی تەندروستی
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان لە بەردەم تیمە تەندروستییەکان، نەبوونی ڤاکسین یان دەرمانێکی پەسندکراوە دژی جۆری دەگمەنی "بۆندیبوگیۆ" لە ڤایرۆسی ئیبۆلا. لە چەند هەفتەی رابردوودا تاقیکردنەوە لەسەر ڤاکسینی "ئێرڤیبۆ" ئەنجام درا تاوەکو بزانرێت ئایا دژی ئەم جۆرە نوێیەش کاریگەرە یان نا.
هاوکات، بێمتمانەیی بەشێک لە دانیشتووان رەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. رۆژی شەممە لە پارێزگای چۆپۆ، پەرستارێک لە کۆنگۆی دیموکرات کوژرا و کارمەندێکی دیکەی تەندروستیش بە سەختی بریندارکرا. دکتۆر مارسێل لیکۆلۆ، بەرپرسی تەندروستیی دەڤەرەکە گوتی، "گەنجانی ناوچەکە کارمەندەکانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە رێگەی حەبەوە خەڵکی تووشی نەخۆشی دەکەن و هێرشیان کردە سەریان"، دوابەدوای رووداوەکەش ناوەندی چارەسەرکردنی ئیبۆلا لەو ناوچەیە داخرا.
لەو کاتەوەی پێش 50 ساڵ سەریهەڵداوە، ڤایرۆسی ئیبۆلا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 15 هەزار کەس لە کیشوەری ئەفریقادا.


