رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە بەهۆی کەمیی سووتەمەنی و ساردیی کەشوهەوا، نۆ ملیۆن کەس لە ئۆکراینا، سووریا، لوبنان و ئەفغانستان لە زستانی ئەمساڵدا پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە دەبێت بۆ ئەوەی ژیانیان لە سەرما بپارێزرێت.
ئاژانسەکە کەمپینێکی بۆ کۆکردنەوەی لانیکەم 50 ملیۆن دۆلار راگەیاند بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی زستان بۆ ئاوارە و پەنابەران، کە ئەم بڕە سێ ملیۆن دۆلار زیاترە لەوەی ساڵی رابردوو کۆکرابووەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆمینیک هاید، بەڕێوەبەری پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای سەرەکیی ئاژانسەکە لە شاری ژنێڤ گوتی، "لە کاتێکدا زستان لە نیوەگۆی باکوور نزیک دەبێتەوە، سەرچاوە داراییەکان کەم بوونەتەوە و تێچووەکانیش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە."
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە رێکخراوەکە بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ناچار بووە ژمارەی کارمەندەکانی کەم بکاتەوە؛ لە کاتێکدا بۆ بەرنامەکانی ساڵی 2026 پێویستی بە 8.5 ملیار دۆلار بووە، بەڵام تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم تەنیا سێ ملیار دۆلاری دەستکەوتووە.
رەوشی ئاوارەکان لە ئۆکراینا، سووریا و ئەفغانستان
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە، لە پێنجەمین زستانی جەنگی ئۆکراینا، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بۆ 20 پلەی ژێر سفر دابەزن، هاوکات بۆردوومانەکانی رووسیا و بڕانی بەردەوامی کارەبا نەهامەتییەکی نوێ بەسەر هاووڵاتییاندا دەهێنن.
لە سووریاشدا، سەرەڕای ئەوەی لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ملیۆنان پەنابەر گەڕاونەتەوە، رێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە "بەبێ دابینکردنی بودجەی زیاتر بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکان، وەک شوێنی حەوانەوە، جلوبەرگی گەرم و نەوتی سپی بۆ خۆگەرمکردنەوە، چارەنووسی گەڕاوەکان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە."
لە ئەفغانستانیش نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەر لە نێوان سەرەتای ساڵی 2025 تاوەکو ناوەڕاستی 2026 لە پاکستان و ئێرانەوە گەڕاونەتەوە کە توانای دارایی زۆر سنوورداریان بۆ بنیاتنانەوەی ژیانیان هەیە. لە لوبنانیش نزیکەی 300 هەزار کەس پێویستیان بە هاوکاریی زستانەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئاژانسەکە تەنیا دەتوانێت هاوکاری بگەیێنێتە نیوەی ئەو ژمارەیە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆتایی ساڵی 2025دا نزیکەی 117.8 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا بە زۆرەملێ لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون.



