رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێ، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم فەرەنسادا بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوییە، بەتایبەتی نرخی وزە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوەیە.
ماکرۆن لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "ئەو قەیرانەی هێزی کڕینی خەڵکی کەمکردووەتەوە بریتییە لە جەنگی ئێران، گەمارۆدانی تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی. ئەوە زیادکردنی باج نییە، بڕیاری حکومەت نییە و چاکسازیی خانەنشینیش نییە کە بووەتەهۆی سەرهەڵدانی ئەم جووڵە کۆمەڵایەتییە."
گوتەکانی سەرۆکی فەرەنسا دوای ئەوە هاتن کە لە چەند هەفتەی رابردوودا خۆپێشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی فەرەنسا بەڕێوەچوون.
بە گوتەی قوتابییان و سەندیکاکانی تایبەت بە خوێندن، بەرزیی تێچووی ژیان، بەرزی کرێی خوێندن و خراپی سیستم هۆکاری خۆپێشاندانەکانیانن. بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، نزیکەی پێنج هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکران.
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی و ئیسرائیل وەڵامیدانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخست کە ئێستا ئەمریکا دەڵێت، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیاندایە و تارانیش رەتیدەکاتەوە.
رۆژی دەستپێکی جەنگەکە بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 72 دۆلار بوو بەڵام ئێستا بە 117 دۆلارە. ئەمەش نرخی لیترێک گازی سرووشتی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە تێکڕا 50٪ بەرزکردووەتەوە، واتا لە 1.5 یۆرۆوە بووەتە نزیکەی 2.2 یۆرۆ.


