رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ناوی دوو سەربازی دیکەی هێزی ئاسمانی بۆ لیستی کوژراو و مردووانی سوپاکەی لە ناوچەکەدا زیاد کرد، بەوەش ژمارەی کوژراو و مردووان لەنێو ریزەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە بۆ 23 سەرباز بەرزبووەوە.
بەپێی سیستمی شیکاریی زیانەکانی بەرگری سەر بە پێنتاگۆن، هەردوو سەربازەکە لە دەرەوەی ناوچەی شەڕ گیانیان لەدەستداوە.
هێزی ئاسمانیی ئەمریکا روونیکردووەتەوە کە یەکێک لە سەربازەکان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە و هۆکاری گیانلەدەستدانی سەربازی دووەمیش هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێ.
بەپێی داتاکانی پێنتاگۆن، لە کۆی ئەو 23 سەربازەی لە دەستپێکی جەنگەکەوە گیانیان لەدەستداوە، 11 سەربازیان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی "نەیارەکانەوە" بووە و 12 سەربازی دیکەشیان لە رووداوی دیکەدا گیانیان لەدەستداوە، کە شەشیان سەرنشینی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سووتەمەنی بوون لە مانگی ئاداردا کە لە عێراق کەوتەخوارەوە.
هاوکات تۆمارەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن کە لە سەرەتای جەنگەکەوە 865 سەربازی ئەمریکی بەهۆی تەقەی هێزە "نەیارەکانەوە" بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش دراوە کە زیاتر لە نیوەی ئەم بریندارانە لە قۆناخی دوای ئاگربەستەکەی مانگی تەممووزدا بوون، کە زنجیرەیەک هێرشی بەرپەرچدانەوە و تۆڵەسەندنەوە لە نێوان واشنتن و تاراندا روویاندا.


