رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە رایگەیاند، لە کاتێکدا دانوستاندنی ئاشتی وەستاوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری لەسەر هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران نەداوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری ئەتڵانتای ویلایەتی جۆرجیا، کە میوانداریی کۆبوونەوەی دوو رۆژەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی 20 (G20)ـی کرد، روبیۆ گوتی: "ئەگەر بمانەوێت، دەتوانین ئامانجە سەربازییەکانمان بەدەستبهێنین." بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ هێشتا "بڕیاری نەداوە" هێرشی زیاتر بکرێتە سەر ئێران، ئەمەش سەرەڕای ئەو راپۆرتانەی کە باس لە ئەگەری هێرشی نوێی ئەمریکا دەکەن دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس کە دەکەونە رۆژی سێشەممە، 3ی تشرینی دووەم.
روبیۆ گوتیشی: "ئەمڕۆ هیچ شتێکم لەو بارەیەوە نییە بۆتانی رابگەیێنم و هیچ یەکێکیش لەم بابەتانە بە سووک وەرناگرین."
لە کاتێکدا تارانی بە ئامانجگرتنی "چالاکانە و ئاشکرا"ـی کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبار کرد، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ پێی باشترە رێگەچارەیەکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بدۆزرێتەوە، بەڵام هیچ وادەیەکی بۆ دانوستاندن دیاری نەکرد و روونیکردەوە: "من باسی پێشکەوتنی ئەو دانوستاندنانە یان هیچ چوارچێوەیەکی کاتی ناکەم، جگە لەوەی پێتان بڵێم ئەگەر رێگەچارەیەکی دیپلۆماسی هەبێت، ئێمە کراوە دەبین بۆی."
رۆژی شەممە، رێبەری باڵای ئێران هۆشداریی داوەتە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هێرشی نوێ، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لە دوای هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی ئەمریکا. پێشتر ترەمپ هۆشداریی دابوو لە ئەگەری هێرشی نوێی سەربازی دوای هەڵبژاردنەکانی نیوخول و رایگەیاندبوو کە بیر لەوە دەکاتەوە ئایا "کۆتاییان پێبهێنێت" یان نا.
بەڵام هەر هێرشێکی نوێ نیگەرانیی لای هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دروست دەکات. رۆژی پێنجشەممە، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئێمە داوای چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەکەین و بەڕاستیش گرژییەکان سوود بە هیچ کەسێک ناگەیێنن."

